٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگریی كەنەدا، هەماهەنگیی دوولایەنە تاوتوو دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  وێڕای دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، خۆڕاگر بوونە و لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشوەچوونی باشیان بەدەست هێناوە، وەزیری بەرگریی كەنەدا سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیشی بە هاندەرێكی باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی زانی. سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش، سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی كەنەدای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدایی بەرز نرخاند و ڕایگه‌یاند، ڕەوشی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە ئێستا و لە داهاتوودا هەیە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 21-12-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (هارجیت ساجان) وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (هارجیت ساجان) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، خۆڕاگر بوونە و لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشوەچوونی باشیان بەدەست هێناوە. سوپاسی پێشمەرگەشی كرد كە لەگەڵ پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدی هاوكارییەكی باشیان هەیە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ دابینكردنی هاوكاریی پێویست، نیشان دا.

وەزیری بەرگریی كەنەدا سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیشی بە هاندەرێكی باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی زانی كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و، وەبەرهێنانی تیادا ئەنجام بدەن و حكوومەتی كەنەدایش لەمباره‌یەوە دەتوانێت وەبەرهێنەرانی هان بدات. تیشكیشی خستە سەر پلانێكی گشتگیر بە بەشداریی هەموو لایەنەكانی عیراق و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ تاكو سەقامگیری لە ناوچەكە دروست بێت و متمانە بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی كەنەدای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدایی بەرز نرخاند، هەروەها هیوای خواست هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە، چونكە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هاتنیشیان بەردەوامە.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، (نێچیرڤان بارزانی) ئاشكرای كرد كە لە ڕووی سەربازییەوە هەماهەنگییەكی زۆر باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییەشی دووپات كردەوە. سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیشی كرد بۆ هاوكارییە مرۆییەكانیان لە ڕابردوودا و هیوای خواست لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە هاوكار بن، هەروەها بە پێویستی زانی پلانێكی گشتگیری سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ و گەڕاندنەوەی متمانە و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەكە و شادبوونیان بە زێدی باب و باپیرانیان، هەبێت.

سەبارەت بە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، سه‌رۆكوه‌زیران جەختی لەوە كردەوە كە ڕەوشی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە ئێستا و لە داهاتوودا هەیە، بە شێوەیەك ئەم دەرفەتە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق بگوازرێتەوە و لەمبارەیەشەوە دەكرێت هەر لە ئێستاوە زەمینەسازی بكرێت. داوای لە شاندی میوانیش كرد كۆمپانیا كەنەدییەكان هان بدەن تاكو لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار