كێشەى قوتابیانى (ئیزدى، مه‌سیحى و كوردانى رۆژئاوا) چارە کرا

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش رایگەیاند، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕه‌زامه‌ندیى دەربڕیوە كێشه‌ى قوتابیانى (ئیزدى، مه‌سیحى و كوردانى رۆژئاوا) له زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستادا چارە بکرێ و درێژە بە خوێندنیان بدەن.
(شێخ شامۆ) سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش و نوێنه‌رى كوردانى ئیزدى له په‌رله‌مانى كوردستان، بە ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتی دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگەیاند:" دواى گه‌یاندنى كێشه‌كانى قوتابیانمان كه له ساڵى 2006ـه‌وه رووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه، به خۆشحاڵییه‌وه له لایه‌ن سه‌رۆكى حكوومه‌ت و داموده‌زگاى په‌یوه‌ندیدارەوە بۆمان چاره‌سه‌ر دەکرێ، بۆ ئه‌مساڵیش له‌لایه‌ن سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانى) كێشه‌ى قوتابیانى (ئێزدى و مه‌سیحى و كوردانى رۆژئاوا) به نووسراوێك بڕیارى چاره‌كردنى درا."
لە بڕیارەنووسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكى حكوومه‌تدا هاتووه، یه‌كه‌م: قوتابیانى ئیزدى، قۆناغى (دووه‌م)، بتوانن به‌شێوه‌ی گواستنه‌وه له زانكۆكانى هه‌رێم درێژه به خوێندن بده‌ن، دووه‌م: گۆڕینى حاڵه‌تى میوانداریى قوتابیانى رۆژئاوا بۆ گواستنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وه‌كو میواندارى له ئاینده‌دا رووبه‌ڕووى كێشه‌ى بڕوانامه‌یان ده‌كاته‌وه، سێیه‌م: قوتابیانى كوردى سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ى كه ناوچه‌كانیان كه‌وتبووه ژێر ده‌سته‌ڵاتى تیرۆریستانى داعشه‌وه و بۆ خوێندن روویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه، به‌بێ به‌رانبه‌ر له زانكۆكانى هه‌رێم درێژه به خوێندن بده‌ن.
وەک (شێخ شامۆ) گوتی، ئه‌و بڕیاره مایەی خۆشحاڵیی ئەوانە و "حكوومه‌تى هه‌رێم به ئه‌ركى خۆى ده‌زانێت و خۆى به خاوه‌نى ئەو توێژنانە دەزانێ کە کێشەی خوێندنیان هەبووە، چونكه كوردستانینه و بۆ كوردستان قوربانییان داوه؛ ئەمە كارێکی مرۆڤایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یى و پیرۆزه."
نەشوان بەرزنجی




