حەشدیشەعبی، خراپیی باری ئابووریی خەڵکی حەوزی حەمرینی قۆستووەتەوە

جەلەولا-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە جەلەولا دەڵێت، بە هۆی ئەو پارە زۆرەی بۆی تەرخان کراوە، حەشدیشەعبی خراپیی دۆخی ئابووری خەڵکیان قۆستووەتەوە و ھێز لە ناوچەکەدا دروست دەکەن و گەنج بۆ خۆیان رادەکێشن.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا (عامر رەفعەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بە هۆی خراپیی دۆخە ئابوورییەکەیانەوە و دانەمەزراندنیان، زۆر لە گەنجانی ناوچەکە دەچنە ڕیزی هێزەکانی حەشدیشەعبییەوە، ئاخر عێراق پارەیەکی زۆری بۆ دابین کردوون و ئەم دۆخەیان قۆستووەتەوە و، ئێستا ئەوان ناوی خەڵک دەنووسن و هێزیان بۆ پێ دێنن."
وەک ڕێچارەیەک بۆ بەرگرتن لەم هەوڵەی حەشدیشەعبی، (عامر رەفعەت) بە پێویستی دەزانێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە حەوزی حەمرین لە ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە فەوجێک لە خەڵکی ناوچەکە دروست بکات، "ئەگەر حکوومەت ئەو کارە بکات خەڵک ئامادە نییە بچێتە ریزەکانی حەشدیێشەعبییەوە، چونکە بەشێک لەوانە لەبەر حەشدیشەعبی نەچوون بەڵکو بۆ خاتری بژێوی ناوی خۆیان نووسیوە."
جەختیشی کردەوە لەوەی کە، کە بێتو وەزارەتی پێشمەرگە دەرگای ناونووسین واڵا بکات خەڵکێکی زۆر ئامادەیە ناوی خۆی بنووسێت، پێچەوانەکەشی کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ ناوچەکە.
بڵند ئیبراھیم




