٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راوێژکارێکی سەرۆککۆمار: پێشمەرگە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان دەمێنێتەوە؛ پێکهاتەکان بڕیار دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، پێویستە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی کە بە خوێنی خۆی ئازادی کردوونە نەکشێتەوە و، هەر گۆڕانکاریێکیش لە سنووری مووسڵ، بێ ڕەزامەندیی پێکهاتەکانی نابێ.

راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق (عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "پێویستە دەستکاری سنوورەکانی مووسڵ نەکرێت تا ڕەزامەندیی ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارەی لەسەر نەبێت، لەبەر ئەوەی ناکرێت ھیچ لایەنێک خۆی بەسەر ئەو شارەدا فەرز بکات."
(عەلیاوەیی) گوتیشی، "ھێزی پێشمەرگە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و ھەر لایەنێکیش بیەوێت گۆڕانکارییەک بکات، ھێزی پێشمەرگە رێگەیان پێ نادات لەبەر ئەوەی خۆیان ناوچەکان دەپارێزن، بۆیە ئەوەی باس لەوە دەکات ھێزی پێشمەرگە دەکشێتەوە راست نییە، چونکە ھێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەیان ئازاد کردووە و جارێکی دیکەش چۆڵی ناکەن و رادەستی عەرەبەکانی ناکەنەوە."

دەربارەی ڕەوشی پاریزگای مووسڵ لە پاش ئازادکردنی، راوێژکاری سەرۆککۆمار باوەڕی وایە کە، مووسڵ دوای رزگارکردنی ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی سوننەکان لەناو خۆیاندا کۆک نین و رەنگە حەشدی‌شەعبییش کێشە لەگەڵ سوننەکان دروست بکات.
گوتیشی، "ئەگەر لایەنە عێراقییەکان ویستیان سنووری خۆیان لە مووسڵ فراوان بکەن، ھێزی پێشمەرگە بەھیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادات و توانای ھێزی پێشمەرگەشیان نییە، لەبەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و توانای باشیشی ھەیە"، جەخت دەکاتەوە، "سوپای عێراق ئەو ھێزە رێکخراوە نییە بتوانێ ڕووبەڕووی ھێزی پێشمەرگە ببێتەوە و ھەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بدات کە لە دەست ھێزی پێشمەرگەدان. ئینجا ئێستا سەردەمی رژێمی بەعس نییە و زۆر جیاوازە و پێشمەرگەش زۆر بەھێزە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار