٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڤیدیۆیی؛ زۆر شت لەبارەی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ڕووسیاوە

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info-  ساتی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ڕووسیا لە ڕووسیا وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتووە، باڵیۆز (ئاندرێ کارلۆڤ) لە کاتی گوتاردانیدا لە پێشانگایەکی هونەری لە ئانکارای پایتەختی تورکیادا گولـلەی بەردەکەوێ.

ساتێکی ترسناک بوو کە چەندان فیشەک لە پشتەوەڕا لە باڵیۆزەکەی ڕووسیا گیرا و کەوتە سەر ئەرز. ئامادەبوانیش لە ترسی شیڕاندنی بکوژەکە، بە ڕاکردن شوێنی کۆبوونەوەکەیان جێ هێشت.
بکوژەکە دەیگوت: " الله أكبر، سووریاتان بیر نەچێت، حەلەبتان بیر نەچێت، سووریاتان بیر نەچێت. پاشەکشە بکەن، پاشەکشە بکەن، تەنیا مردن لێرە دوورم دەخاتەوە. ئەوانەی لەو کوشتارگەیەدا بەشدارن، یەکەیەکە باجی تاوانەکانیان دەدەن."

دەستەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، بکوژ کژراوەتەوە، سەرۆکی ڕووسیایش لەمبارەیەوە گوتوویەتی: تەنیا وەڵاممان بۆ ئەم تیرۆرکردنە بەردەوامیمانە لە جەنگی دژ بە تیرۆر، تاوانکارانیش ئەمە دەزانن."
وەزیری ناوخۆی تورکیایش گوتی، چەکدار یان بکوژەکە ٢٢ ساڵانەکە ئەفسەری دەستگا ئەمنییەکان بووە و خەڵکی تورکیایە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی کرد
(جۆن کێربی) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، وێڕای سەرکۆنەکردنی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ڕووسیا لە تورکیا، ئامادەیی وڵاتەکەیشی نیشان دا بۆ هەر هاوکارییەک.
هەر پاش هێرشەکە، باڵیۆزەکەی ڕووسیا دەگوێزرێتەوە نەخۆشخانە و پۆلیسی تورکیایش شوێنی ڕووداوەکە گەمارۆ دەدات.
هەڵبەت هێشتا ڕوون نییە بە هۆی ئەم کردەیەوە پێوەندیی هەستیاری تورکیا و ڕووسیا بە کوێ دەگا، پێوەندییەک کە پاش تێکشکاندنی فڕۆکە شەڕکەرە ڕووسیاییەکە لە نزیک سنووری سووریا گرژیی تێکەوت.
زۆرێک لە ناوچەکەدا لۆمەی ڕووسیا دەکەن لەبەرانبەر ئەو ڕۆڵەی کە لە پشتیوانیکردنی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) و ئەو قەیرانە مرۆییەی جەنگ بەسەر حەلەبیدا هێناوە، رەنگی داوەتەوە.
پاش تیرۆرکردنی باڵیۆزی ڕووسیا، (سەرۆک ئەردۆگان و سەرۆک پووتین) لە ڕێی تەلەفونەوە قسەیان کردووە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا.

چاوەروان دەکرا ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی لووتکەی رووسیا و تورکیا بە ئامادەیی ئێران لەبارەی سووریاوە ساز بدرێ.

باڵیۆز (ئاندرێ کارلۆڤ)ـی کوژراو لە ٢٠٠٣وە باڵیۆزی ڕووسیایە لە تورکیا، خیزاندارە و منداڵێکی هەیە.
بە لای ڕووسیاوە ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا لە تورکیای ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، هەروا بەروڕووی هەڕەشەی تیرۆر دەبنەوە؟.

لە راگەیەنراوێکدا کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بینالی یڵدرم) بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بە هێرشەکەی ئەنقەرە بۆسەر باڵیۆزی رووسیای کردووە و بە توندی ئیدانەی کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ بەڕێز باڵیۆزی رووسیا لە تورکیا ئاندرێی کارلۆڤ لەکاتی سەردانیدا بۆ پێشانگایەکی وێنەیی کە بانگهێشتی فەرمی بووە، لەکاتی قسە کردنیدا رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان بەداخەوە گیانی لەدەستداوە".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هێزە ئەمنیەکانمان توانیویانە هێرشبەرەکە بکوژن.جگە لە کوژرانی باڵیۆز،لە پێشانگاکەدا سێ کەسی دیکە برینداربوون کە یەکێکیان بیانیە. لەئێستادا چارەسەری برینداران بەردەوامە.

(یڵدرم) ئاماژەی بەوەداوە کە هەرلەسەرەتای رووداوەکەوە چاودێریان کردووە و لەو بارەیەوە راستەوخۆ زانیارییان داوەتە لایەنی رووسی و لە پێشهاتەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە.

(یڵدرم) دەڵێت ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەم دواییەی تورکیا و رووسیا دا بەتایبەت لە سەر پرسی سووریا بۆ دانانی بناغەی ئاشتی و لەو بارەیەوە گوتی: "لەو بڕوایەدام ئەم جۆرە رووداوانە هەرگیز وهەرگیز کار ناکاتە سەر هەوڵەکانمان".

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا دەڵێت: "لە ناخەوە نیگەرانین بەهۆی لەدەستدانی باڵیۆزێکی بەنرخ کە هەفتەی پێشوو لە مۆسکۆ لەنزیکەوە کارمان کرد پێکەوە .هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ دۆزینەوەی ئەو دەستە تاریکانەی لەپشت ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستیەوەن".

 

هەواڵی پەیوەندیدار