سێ وەزیری ئەورووپا بۆ هەرێم: پشتیوانتانین

هەولێر-KDP.info- لە پرێسکۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، هەر سێ وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا و بەلجیکا و لۆکسەمبۆرگ پشتیوانی وڵاتەكانیان لە شەڕی دژی داعش و چارەكردنی قەیرانەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، وەزیری دەرەوەی بەلجیكاش رایگەیاند بەنیازن كونسوڵخانەی فەخری لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، لەبەرانبەردا سەركوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی "هاتنتان نیشانەی پشتیوانی ئێمەیە".
شەوی رابردوو 18-12-2016، (بێرت کۆندرس)، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، (دیدیە ریندەرز)، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا و (جان ئەسیلبۆرن) وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ بە سەردانێکی فەرمیی گەی هەولێر، رۆژی دووشەممەش 19/12/2016 سەردانی ئاوارەکانیان کرد لە هەردوو کەمپی حەسەن شام و خازر.
پاشان لە شاری هەولێر لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە، دواتر سێ وەزیرەکە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان ئەنجام دا.
نێچیرڤان بارزانی بۆ سێ وەزیرەكە: هاتنتان نیشانەی پشتیوانی ئێمەیە
(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "هاتنی وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا، بەلجیکا و لۆکسەمبۆرگ بۆ هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا بە گرینگ دەبینین، بە بایەخەوە لێی دەڕوانین و بە پشیتیوانی و هاوکاری خۆمانیان دەزانین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی، هاتنی ئەوان نیشانەی هاوکاریکردنیانە بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و، هاوکاریکردنی ئاوارەکان کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
لەبارەی کۆبوونەوەکەیان، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی "کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد، سوپاسی ئەو وڵاتانەمان کرد كە لەڕووی راهێهان هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە، لەڕووی پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیش یارمەتی ئاوارەكانیان داوە، داواشمان لێکردن هەر چۆنێك دەتوانن هاوکارمان بن لەو چاکسازیانەی لە حکوومەت دەستمان پێکردوون".
وەزیری دەرەوەی لوکسەمبۆرگ: 50% ی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن
(جان ئاسڵبۆرن)، وەزیری دەرەوەی لوکسەمبۆرگ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان كرد، لە کۆبوونەوەکەدا قسەمان لەبارەی رەوشی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە دوو شوێنی زۆر گرنگن لە ناوچەکەدا، قسەمان لەسەر پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کرد".
وەزیری دەرەوەی لوکسەمبۆرگ هەروەها گوتی "هاتووین پێتان بڵێین پشتیتوانتانین لە شەڕی داعش و مووسڵ، لەگەڵ ئاوارەکان قسەمان کردووە و لە نزیکەوە ئەوانمان بینی، 50% ی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و بەناوی یەکێتی ئەوروپاوە سوپاستان دەکەین بەرامبەر ئەوەی شوێنی ئاوارەكانتان كردووەتەوە".
لەبارەی قەیرانەكانی كوردستان جان ئاسڵبۆرن، وەزیری دەرەوەی لوکسەمبۆرگ گوتی "ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و شوێنی پێکەوەژیانی هەمووان بووە، ئەوە لەبارەی ئێوە دەزانین و سوپاستان دەکەین، هەروەها دەزانین دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بوونەتە هۆکاری قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان".
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا: بەنیازین كونسووڵخانەی فەخری لە هەرێمی كوردستان بكەینەوە
(دیدیە دیندەرز)، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا گوتی "من جاری دووەممە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە پشتیوانی ئێوەین لە شەڕی داعش و ئێوە تەحەددایەکی گەورەی شەڕی تیرۆرتان کردووە، هاوكات دوای شەڕی داعشیش پشتیوانی ئاسایش و ئارامیتان لێ دەکەین".
بواری ئابووری و بازرگانی تەوەرێكی دیكەی قسەكانی وەزیری دەرەوەی بەلجیکا بوو و رایگەیاند "لەڕووی بازرگانی و ئابووریشەوە مەبەستمانە لەگەڵ هەرێمی کورددستان پەیوەندیمان باش بێت و هاوکارتان بین، ئێمەش بەنیازین بیر لەوە بکەینەوە کونسوڵخانەی فەخری بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان بكەینەوە".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: دەبێت پلان هەبێت بۆ مووسڵی دوای داعش
(بێرت کۆندەرس)، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند "هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا پەیوەندییەکی باشیان هەیە و ئێمە بەو پەیوەندییانە خۆشحاڵین، لەمەش گرنگتر ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوانمان زۆر پتەون".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتیشی " هۆڵەندا تیمی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەڕووی مەشق و راهێنان هاوکاری پێشمەرگە دەکەن، چونکە پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی خەڵک و ئاسایشی ناوچەکەدا".
لەبارەی ئاوارەکانیشەوە، بێرت کۆندەرس گوتیشی "دەمانەوێت سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەین کە دەرگەیان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە، ئەوە جێی بایەخ و دەستخۆشییە بۆ هەموو لایەک".
پێوەست بە شەڕی مووسڵ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتی " ئێمە لە شەڕی مووسڵدا هاوکارتان دەبین، ئێستا شەڕی مووسڵ یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان و گرینگی پێدەدەین، دەبێت ئاوارەکانیش دوای ئەوەی شوێنەکانیان ئازاد دەکرێنەوە، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، هەروەها دەبێت پلان هەبێت بۆ مووسڵی دوای داعش و پلانی بەڕێوەبردن ئامادە بكرێت".





