٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی لەگەڵ یەکێتیدا کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  وەک بڕیار بوو، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ شاندی یەکێتییی نیشتیمانیی کوردستاندا کۆ بووەوە.

دووشەممەی ڕابردوو، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی(مەحموود محەممەد) ڕایگەیاند، لە دانوستانیان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامیدا کۆ دەبنەوە.
پاش پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان، ڕایگەیاند کە چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پەیامەدا، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا لە هەولێر لەگەڵ حزبە سیاسییەکاندا کۆ بووەوە و لە دووەم گەڕی هەوڵەکانیان بۆ دانوستان لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوونەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامیدا کۆ دەبنەوە.

شاندی پارتی پێکهاتووە لە، (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی شاند، (مەحموود محەممەد) و (عێززەدین بەرواری) و (کاکەمین نەجاڕ) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، (ئەحمەد کانی) و (دڵساد شەهاب) ئەندامانی سەرکردایەتی. شاندی یەكێتییش بە سەرۆكایەتیی (مەلابەختیار) لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە (سەعدی ئەحمەد پیرە)، (عومەر فەتاح)، (حاكم قادر حەمەجان)، (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) و (رزگار عەلی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكهاتووە.

لەبارەی ئەم کۆبوونەوانەوە(عارف ڕوشیدی) راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی بارزانی کردووەتە پرۆژەی خۆی و پەیامەکەش زۆر ڕوونە و ئەو بابەتانەی کە سەرجەم لایەنەکان دەیانەوێت یان گرفتی لەسەر هەیە کۆ کراوەتەوە لە پەیامێکدا و داوا دەکات لە لایەنەکان، بەرپرسیارەتیی مێژوویی لەسەر شانی هەمووانە بەرانبەر بە داهاتووی کوردستان و پیویستە پێکەوە هەڵبکەن لەسەر خاڵە ناکۆکەکان رێککەون.

 (ڕوشدی) گوتیشی: "(بارزانی) لە پەیامەکەیدا هیچ هێڵێکی جێنەهێشتووە کە وەک گرفت بێت لەبەردەم لایەنەکاندا، بۆیە پارتی دەیەوێت بۆچوونی لایەنەکان بزانێت لەسەر ئەو پرسە بۆ ئەوەی رێگای چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە ئومێدەوارین پارتی لەگەڵ ایەنەکان بگاتە ئەنجام."

وەک راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ، پاش کۆبوونەوەکان، دەرئەنجان و راسپاردەی کۆبوونەوەکان دەبرێتە لای (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەوەی بڕیار کۆتایی بۆ بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار