٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"جیهان ئاماژەمان دەداتێ ئەگەر بڕیار لە سەربەخۆیی بدەین، ئەوا پشتمان دەگرن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر  -KDP.info-سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان دەڵێ، دواپەیامی (بارزانی) کە بۆ رای گشتیی خستیە ڕوو، گرینگە پشتیوانی گەورەی لێ بکرێ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها گرینگە پشتیوانی پڕۆژەی (بارزانی) بۆ سەربەخۆییی کوردستان بکرێ، چونکە دەمانگەیەنێتە ئامانج؛ پێشوەختەش لە ئیدارەیی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی (دۆناڵد ترەمپ) دەخویندرێتەوە کە پشتیوانی لە (بارزانی) و کوردستان دەکەن.

 

(کەرخی ئاڵتی برماخ) سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکادا پێوەست بە سووریا و عێراق هەستی پێدەکرێ؛ ئەوەی کە پێوەندی بە کورده‌وه‌ هەبێ لەوانەی کە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەستنیشان کراون، هەموویان دەڵێن دەوڵەتی کوردستان بەڕێوەیە، مادامێک کە نیەتێکیش لە بەغدا هەیە کە نایانەوێ لەگەڵ هەرێمدا رێککەون و ئەگەری پێکهاتن تادێ لاوازتر دەبێ، بۆیە سەربەخۆیی باشترین بژاردەیە.

 

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بگەنە ئەنجامێک لەگەڵ بەغدا ئەگەر نەمانتوانی پێکەوە لەنێو یەک دەوڵەتدا بژین، ئەوا واباشە کە ببین بە دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەکدی و لەڕێگەی رێککەوتنێکی سیاسی ویاساییەوە تێگەیشتنێک دروست بکەین لەسەر ئەو شوێنانەی کە ناکۆکی لەسەرە، ئێستا خەڵکی کوردستان لە بەغدا بێئومێد بووە بۆیە کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسمان لەگەڵ بەغدا هاتووە.''

 

(کەرخی ئاڵتی برماخ) نموونە بە پێشمەرگە دەهێنێتەوە کە سەلماندی به‌ سەر هیچ هێز و دەوڵەتێک هەڕەشە نین، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش بەو ئاراستەیەدان کە پرسی سەربەخۆییی کوردستان بووەتە دیفاکتۆ، ده‌شێڵ، ''لە کۆنفرانسەکەی دهۆکیش هی زانکۆی ئەمەریکایی کوردستان-دهۆک، لە نیەتی گەورەبەرپرسانی وڵاتان خویندرایەوە کە جیهان ئاماژەمان دەداتێ ئەگەر ئێمە بڕیار لەسەربەخۆیی بدەین ئەوا ئەوانیش پشتمان دەگرن.''

 

 

جەختی کرده‌وه‌، ''دواپەیامی (بارزانی) کە بۆ رای گشتیی خستیە ڕوو، گرینگە پشتیوانی گەورەی لێ بکرێ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها گرینگە پشتیوانی پڕۆژەی (بارزانی) بۆ سەربەخۆییی کوردستان بکرێ، چونکە  دەمانگەیەنێتە سەربەخۆییی کوردستان، چونکە وا لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی (دۆناڵد ترەمپ) پێشوەختە دەخوێندرێتەوە کە پشتیوانی لە (بارزانی) و کوردستان دەکەن.''

 

کارزان سەباح هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار