نەوزاد هادی: خەڵکی کوردستان شایستەی سەربەخۆیین.. ئەم ئاڵایە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ڕادەستکردنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان شایانی سەربەخۆین.
(نەوزاد هادی) لە میانی وتەیەکیدا کە لە کەرنەڤاڵی قوتابییانی هەردوو زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: "کێشەکانی کوردستان لە کوردستان چارەسەر دەکرێن، نا بۆ ڕادەستکردنەوەی سەروەری و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا".
(نەوزاد هادی) بە پێویستیشی زانی، لایەنە سیاسییەکان، لە کوردستاندا کۆببنەوە و بە یەک ئیرادەی بەهێز، کێشەکان چارەسەر بکەن، گوتیشی: "ناکرێت میللەتێک ئەو هەموو خەباتەی کردووە، دووبارە بچێتەوە بەردەستی ئاغاکەی تا بەڕێوەمان ببات".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، (نەوزاد هادی) ڕایگەیاند: "خەڵکی کوردستان شایستەی سەربەخۆیین، خۆڕاگربوون و هەنگاوی مرۆڤایەتییان هەڵگرتووە. ئەم ئاڵایە بە خۆشەویستیی گەنجان، هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە".




