ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵ بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسی زێباری ده‌دات

به‌غدا -KDP.info- ئه‌ندامێكی فڕاكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، بڕیاره ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیار له‌باره‌ی كه‌یسی (هۆشیار زێباری) ده‌ربكات، پێشبینییش ده‌كات پرسه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی (زێباری)ـدا بشكێته‌وه.
(سیروان سیرینی) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بڕیاره ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسی (هۆشیار زێباری) بدات كه تا ئێستا بڕیاره‌كه‌مان پێنه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین بڕیاره‌كه به‌لای (زێباری)ـدا بشكێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر دادگای فیدڕاڵی بڕیاره‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی (زێباری) ده‌ركرد، ئه‌وكات ده‌چێته‌وه شوێنی خۆی وه‌ك وه‌زیری دارایی و ئابووریی عێراق ده‌ست به‌كار ده‌بێته‌وه و هیچ كه‌سیش ناتوانێ رێگری لێبكات".
(سیرینی) گوتیشی: "پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له (زێباری) پرسێكی سیاسی بوو تا دژایه‌تیی پارتی بكرێت، چونكه په‌یوه‌ندی به پرسی دارایییەوە نه‌بوو، چونكه پارتی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرتووه و هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێ له‌و رێگه‌یه‌وه زیان به پارتی بگه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ش بۆ تێكدانی نێو ماڵی كورده."
پێوه‌ست به‌و ئه‌گه‌ره‌ی دادگا كه بڕیار به‌ره‌ژه‌وه‌ندیی (زێباری) نه‌دات، (سیروان سیرینی) گوتی: "شتێكی ئاساییه و ئێمه وه‌ك شه‌ریك له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌شدارین نه‌ك بۆ پۆست و پله."
قائید میرۆ




