هەورامى: ڕابردوو سەلماندوویەتى ئاشتى تورکیا ئارام دەکاتەوە.. ئێمە لەگەڵ پرۆسەى ئاشتین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان و جێگیرى کونسوڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان، تیشکخستنە سەر پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا و بە پێویستیان زانى پەیوەندییە ستراتیژى و ئابووریەکانى نێوان هەرێم و تورکیا زیاتر بەرەوپێش ببرێن و گەشەیان پێبدرێت.
ئەمڕۆ لە پیرمام (هێمن هەورامى) بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى لە (ئەرسەلان جەلالى) جێگیرى کونسوڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان کرد.
(هەورامى) دواپێشهاتەکانى ناوچەکە و هەرێمى کوردستانى بۆ جێگیرى کونسوڵى تورکیا خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "كه هەرێمى کوردستان لەم کێشە نەخوازراوانەى ناوچەکەدا توانیوییەتى ڕۆڵێکى ئەرێنى ببینێت لە گشت پرسەکاندا، لە لایەکى دیکەشەوە لە هەوڵى پتەوکردنى پەیوەندییەکانییەتى لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى، هەروەها سەبارەت بە شەڕى مووسڵ و سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، بە سەرکەوتنى مێژوویى زانى بۆ گەلى کورد و تەواوى مرۆڤاییەت لە دونیادا، چونکە پێشمەرگە توانى بە بەرخۆدانى خۆیەوە ترسناکترین دوژمنى ژیان لەناو بەرێت بە هاوکارى و پاڵپشتى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
(هێمن هەورامى) گوتیشی: "دەبێت تورکیا ڕۆڵى زیاتر بگێڕێت لەم نێوەندەدا، چونکە پێگە و کاریگەری لە ناوچەکەدا بەرچاوە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانى (هەورامی)دا، تیشکخستنە سەر پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا بوو، کە بە پێویستى زانى پەیوەندییە ستراتیژى و ئابووریەکانى نێوان هەرێم و تورکیا زیاتر بەرەوپێش ببرێن و گەشەیان پێبدرێت.
(ئەرسەلان جەلالى) جێگیرى کونسوڵى تورکیا دواى خۆشحاڵى دەربڕینى بۆ ئەم دیدارە دیپلۆماسییە، ڕۆڵى گەلى کوردستانى لە دوو ساڵى ڕابردوودا بەرز نرخان کە بە هەموو شێوەیەک بەشدار بوون لەو شەڕە نەخوازراوەى کە ناوچەکەى تێکەوت. هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند، کە دەبێت تورکیا و هەرێمى کوردستان لە هەوڵی ئەوەدا بن کە پەیوەندییەکانیان ببەنە ئاستێکى دیکە و بە گەشبینییەوە لە ئێستا و ئایندەى ئەو پەیوەندییانەى ڕوانى.
سهنگهر ههورامی




