بریفکانی: زۆرینەیی لای چەپی مووسڵ رزگارکراوە

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دهڵیت، پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە٣٠گەرەک ئازادکراون، ھۆکاری خاوبەرێوەچوونی پرۆسەکەش بۆ بوونی خەڵکێکی زۆری سڤیل لەناوگەرەکان دەگەرێتەوە.
(ھاشم بریفکانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی نزیکەی دوومانگە پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە٣٠گەرەک رزگارکراون لەلای چەپی شاری مووسڵ و پێشرەویەکانیش وەکو پێویست نییە، بەتایبەت لەم چەند رۆژەدا، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە خەڵکێکی زۆری سڤیل لەناو گەرەک و شەقامەکان ماوون و سوپای عێراقیش نایەوێت زیان بەخەڵکی سڤیل بگات.
(بریفکانی) گوتیشی: "ھێزە ئەمنیەکانی عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە بەھیچ شێوەیەک ناکرێت زیان بەھاوڵاتیانی سڤیل بگەیندرێت، سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا ھیچ پێشێلکاریەکی مافی مرۆڤ تۆمار نەکراوە و ھێزە ئەمنیەکان پابەندبوون بەو فەرمانەی پێیان کراوە، بۆیە سوپای عێراق سەرکەوتووبووە ھەم لەپرۆسەکە و ھەمیش لە پاراستنی مافی مرۆڤ .
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دهشڵیت، زۆرینەیی لای چەپی مووسڵ رزگارکراوە، کە لە ئێستادا زیاتر لە٢٠گەرەکی ماوە ئازادبکرێت، بەڵام داعش ورەی روخاوە ولەماوەیەکی کەمدا ئەوگەرەکانەش ئازاد دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




