چارەنووسی دەیانھەزار قوتابی ناڕۆشنە.. ماوەی لەکیسچوو قەرەبوو ناکرێتەوە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، وەزارەتی پەروەردە دەستەڵاتی داوەتە بەرێوبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئەوەی بڕیارێک لەبارەی ئەو قوتابخانەوە بدات کە هێشتا بایکۆتیان نەشکاندووە. گوتیشی، چارەنووسی دەیانھەزار قوتابی کراوە بە قوربانی مەرامی سیاسیی حزبی.
ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان (مەردان خدر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "وەزارەتی پەرورەدە ھەموو دەستەڵاتێکی داوەتە پەروەردەی گشتیی سلێمانی بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی چارەنووسی پرۆسەی خوێندن بدات لەو قوتابخانانەی کە دەوامیان نەکردووە، خاڵی دووەم ئەوەیە کە پێیانڕاگەیێندراوە ماوەی لەکیسچوو بەھیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە؛ خاڵێکی دیکە لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکان دەوام دەستیپێکردووەتەوە و ئەوەیان ھیچ کێشەیان نابێت و بۆیان ھەژمار دەکرێت."
(مەردان خدر ) گوتیشی، "خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سنووری سلێمانی لە قاڵبی داواکاری و پرسی پەروەردە دەرچووە و بەسیاسی کراوە و دەستێکی سیاسی لەپشتە، ئەودەستەش رێگرە لەوەی پرۆسەی خۆێندن دەستپێبکاتەوە."
بڵند ئیبراھیم




