شەوکەت بەربوهاری: تەرمی کوژراوانی بیانی ڕادەستی نوێنەری وڵاتەکانیان دەکەینەوە

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی خاڵی سنووری پێشابوور دهڵێت، بەھیچ جۆرێک ڕێگری لە ھیچ تەرمێک نەکراوە و بەڕێزەوە وەرگیراون، بەڵام کانتۆنەکان دەیانەوێت تەرمەکان ڕادەستی نوێنەری ئەوان بکەین، وڵاتانی بیانیش ئەوکارە قبووڵ ناکەن، بۆیە تەرمی ھەروڵاتێک ڕادەستی نوێنەری کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە دەکرێت، ئەمەش لەسەر داواکاری ئەو وڵاتانەیە نەک ئێمە.
(شەوکەت بەربەھاری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر تەرمێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەرێندرێتەوە ئەوانەی کە کوردن و ئینجا خەڵکی ھەر پارچەیەکی کوردستان بێت ڕادەستی کەسوکارەکانیانی دەکەینەوە، بەڵام ئەوانەی بیانی بن نوێنەری کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە دێت ڕادەستی دەکەین، بۆ نموونە دوو تەرمی ئەمەریکایی و ئەڵمانیایی لە رۆژئاوای کوردستان گەرێندرانەوە، ئەوەی ئەڵمانیاییەکە نوێنەری کۆنسووڵخانەی ئەوان ھات و وەریگرت، ئەوەی ئەمەریکاییەکەش کۆنسووڵخانەکەیان وەرینەگرت و داوایان کرد بۆیان بگەڕێنینەوه پزیشکی دادوەری لە ھەولێر و لەوێ وەریدەگرن."
(بەربەھاری) گوتیشی: "دواتر ئێمە تەرمەکەمان گەیاندە نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر و نوێنەرەکەیان لەوێ وەریگرت وئ ێمەش ڕادەستی ئەوانمان کرد."
(شەوکەت بەربەھاری) دهشڵێت، "پەیەدە دەیەوێت کاتێک تەرمەبیانیەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەگەرێندرێنەوە، کانتۆنەکان دەیانەوێت تەرەمە بیانیەکان ڕادەستی نوێنەری ئەوان بکەین، هەڵبەت بۆ ئێمە بەرپرسارەتییە لەبەر ئەوەی بیانییە و پێویستە ڕادەستی خۆیانی بکەینەوە و لایەنێکی فەرمیی ئەوان بێت وەرینگرێتەوە."
(بەربەھاری) زیاتر گوتی: "کۆنسووڵخانەی ئەمەریکا رێگا نادات جگە لەخۆیان تەرمەکانیان ڕادەستی ھیچ کەسێکی دیکە بکرێن، بۆیە ئێمەش لەسەر داوای خۆیان ڕادەستی ئەوانی دەکەین.
بەرپرسی خاڵی سنووری پێشابوور گوتیشی: "بەردەوام کە تەرمەکان دەهێندرێن، ئێمە ئەمبۆڵانسی خۆمان ڕەوانەی لای ئەوان دەکەین و وەریدەگرین بەرێزەوە و، دواتریش ڕادەستی نوێنەری ئەو کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتەی دەکەین کە خاوەن تەرمەکەیە، بۆیە تاوەکو ئێستا ھاتنی تەرم و ڕادەستکردنی بەو شێوازە بووە و رێگری لەھیچ تەرمێک نەکراوە."
بڵند ئیبراھیم




