ئۆباما دواپەیامی دا؛ دەبێ ترەمپ چی بکات؟

ئەمەریکا-KDP.info- سەرۆکی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) لە دواکۆنفرانسی کۆتاییی ساڵدا نەیشاردەوە، کە پرسی سووریا یەکێک لەو کێشە گەورانە بووە کە رووبەڕووی بووەتەوە؛ هاوکات رۆژنامەی زە فیدرالیست نووسیویهتی، پێویستە (ترەمپ) بەزوویی فریای رۆژهەڵاتی ناوین بکەوێ بۆ ئەوەی کارەسات روو نەدات.
ئۆباما چی گوت؟
سەرۆکی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) لە دواپرێسکۆنفرانسی کۆتاییی ساڵدا رایگەیاند، پاش ئەوەی کاربەدەستانی ئەمەریکا درکیان بەوە کرد ڕووسیا سیستەمی ئیمەیلەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکانیان هاک کردووە، لە میانەی کۆبونەوەی G-20 لە مانگی 9 لە چین ئەو بە سەرۆکی ڕووسیا (ڤلادمێر پووتین)ی گوتووە "کۆتایی پێ بهێنە."
لە ناوەندەکانی مێدیای ئەمەریکادا دواپەیامی (سەرۆک ئۆباما) لە کۆتایی ساڵ بەوە چوێندرا کە ئەو کاری بۆ ئەوە کردووە نەهێڵی کێشەی هاککردنی ئیمێلەکان رەنگدانەوەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمەریکا ههبێ کە تێیدا (دۆناڵد ترەمپ) توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی (سەرۆک ئۆباما)، ئەمەش شیکردنەوەی وەهای بۆ کرا کە (ئۆباما) سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەمەریکا بووە بۆ پاڵپشتی (هێاری) و دەستبەرداری مەلەفی رۆژهەڵاتی ناوین بووە. هەروەک (ئۆباما) نایشارێتەوە کە گەورەترین کێشە رووبەڕووی بووبێتەوە پرسی سووریا و کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بووە.
دەبێ ترەمپ چی بکات؟
رۆژنامەی زە فیدرالیست پێوەست بە کارەکانی (ئۆباما) و ئەو کارانەی کە پێویستە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناویندا بیکات دەڵێ، پێویستە (ترەمپ) زیاتر پرسی دیموکراتییەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا بڵاو بکاتەوە، چونکە لە یەمەنەوە تا دەگاتە سووریا و عێراق رۆژهەڵاتی ناوین پڕه لە جەنگ و کێشەکان بەرەو گەورەتربوون دەچن.
رۆژنامەکە وایدەبینی کە سەردەمی (جۆرج دەبلیو بووش) بۆ رۆژهەڵاتی ناوین سەردەمێکی زۆر گونجاوە کە (دۆناڵد ترەمپ) بیری لێ بکاتەوە؛ چونکە (بووش) هەوڵی زۆری دا کە دیموکراتییەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا بچەسپێنێ لەو شوێنەی کە کێشەکان بە هێزیش چارە ببووان، ئەو هێزی بۆ دەجووڵاند، بۆیە رۆژنامەکە سەردەمی (بووش) بە نموونەیەکی بەرچاو بۆ (ترەمپ) دەستنیشان دەکات.
بەگوێرەی زانیاریی زە فیدارلیست، رۆژهەڵاتی ناوین کارەساتی گەورەی لێ دەخوڵقێ ئەگەر بێت و بەزوویی (ترەمپ) لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا رێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ نەدۆزێتەوە.




