پرۆسەی خوێندن راناگیرێت.. ئهوانه تەحەمولی بەرپرسیاریەتی دەکەن بەرامبەر خودا و منداڵان

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دهڵێت، پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان راناگیرێت تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت کە دەرگاکانیان داخراوە دهشڵێت، چارەنووسی ئەو منداڵانە ئەوانە لێی بەرپرسن کە رێگەیان نەدا دەرگای قوتابخانەکانیان بکرێتەوە".
(پشتیوان سادق)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی گوتی: "لە هەموو جیهاندا وایە ناکرێت ئەو مامۆستایەی کە دەوام دەکات و ئەوەی کە دەوام ناکات وەک یەک سەیر بکرێت، هەندێک لەوانەی کە دەوامیان نەکردووە دۆخێکی تایبەتیان هەبووە کە پەیوەندی بە پرسی داراییەوە هەبووە ئەوانەیش بێگومان جێگای تەقدیرن، بەڵام هەندێ کەس هەن کە لەدەرەوەی پەروەردەن و رێگا نادەن دەرگای قوتابخانەکان لە هەندێ شوێن بکرێنەوە".
(پشتیوان سادق) گوتیشی: "ئەوانە تەحەمولی بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەکەن بەرامبەر خودا، یاسا و منداڵانی ئەو شوێنانەی کە بێ بەش بوون لە خوێندن".
پێوهست بە چارەنووسی ئەو قوتابیانەی کە دەرگای قوتابخانەکانیان داخراوە، (پشتیوان سادق) گوتی: "چارەنووسی ئەوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی ئەو ناوچانە بڕیاری لێدەدەن، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە من گەیشتووە تا رادەیەکی باش دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان دەستپێنەکردنی خوێندن ئەگەر دوومانگی بەسەردا چوو بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە، کەواتە زیانێکی زۆر بەو قوتابیانە دەگات کە بێبەش بوون لە خوێندن".




