"لەجیاتی رادەستکردنی نەوت با بیر لە پیشەسازیی نەوت بکرێتەوە"
__2016_12_16_h18m57s42__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ناکرێ بیرلەوە بکرێتەوە کە نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ، بەڵکو دەبێ هەرێم بیرلەوە بکاتەوە کە پیشەسازی نەوت وەک پاڵاوگە و جۆرەکانی دیکە بەکاربێنێ کە ئەمەیش مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانە.
شارەزایانی ئابووری وای بۆدەچن ئەگەر نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ، ئەوا بەغدا هەوڵدەدات دەستبەسەر کەرکوودا بگرێ، چونکە وەک شارەزایان خوێندنەوەیان بۆ هەڵوێستی بەغدا کردووە نیەتێکی باشی لەگەڵ هەرێمدا نییە.
پێوەست بەم بۆچوونە، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (بەیار دۆسکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، کارێکی باش نییە ئەگەر نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ، هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەی نەوتی کەرکووک کردووە و هەمیشە هەوڵی داوە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێم، بۆیە ئەگەر کارێکی وا بکرێ ئەوا دەرفەتێکی گەورە لەدەست دەدەین.
(بەیار دۆسکی) لەو باوەڕەدایە کە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دەرفەتێکی زۆرباشە و سەرکەوتنی باشیش لەم بوارەدا بەدەست هاتووە، بۆیە ناکرێ بیر لەوە بکرێتەوە نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ؛ دەکرێ بیر لەوە بکرێتەوە بەگوێرەی دەستوور، هەرێمی کوردستان پیشەسازی نەوت وەک پاڵاوگە و جۆرەکانی دیکە بەکار بێنێ کە ئەمەیش مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم




