"بەغدا پێوەست بە ناردنی بودجە نیەتی باش نییە"

هەولێر-KDP.info- شارەزایەکی ئابووری دەڵێ، یاسای بودجەی عێراق بە سیاسی كراوە و بەغدا پێوەست بە رەوانەکردنی بودجە نیەتی باش نییە؛ دەبوو هەرێم لایەنی نێودەوڵەتی بێنێتە نێو پرسی بودجە ئەو کات گرەنتییەک دەبوو.
(ئیدریس رەمەزان) شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هیچ ماددە و بەندێكی نێو بودجەی گشتیی عێراق سوودی بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نییە، بە پێچەوانەوە زیانی زۆری هەیە بۆسەر هەرێمی كوردستان و سوودی بودجە تەنیا لە بەرژەوەندی خواروو ناوەڕاستی عێراق دایە، چونكە سزای قورسی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكردووە. حكوومەتی عێراق نیەتی باش نییە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و كۆتلەكانی نێو پەرلەمانی عێراقیش بەشێوەیەكی سیاسی مامەڵە لەگەل پرسی بودجەدا دەكەن، پێموابێت تەنیا بە شێوەیەك سوودی بۆ هەرێمی كوردستان دەبوو ئەگەر لایەنی سێیەم و نێودەڵەتی هەبوایە و كورد لایەنێكی دیكەی هێنابوایە نێو پرسەكە ئەو كات هەندێ گەرەنتی دەبوو."
دەشڵێ، یاسای بودجەی گشتیی عێراق هەمان یاسای ساڵی رابردووە تەنیا ئەوەی بو زیادكراوە حكوومەت پابەندی دابینكردنی مووچە و شایستە دارایەكانی حەشدی شەعبی بێت، بە بۆچوونی من ئەگەر هەرێم نەوتی خۆیشی رادەستی بەغدا بكات هەر بەهەمان دەردی ساڵانی رابردوو دەچێت و پشكی هەرێمی كوردستان وەك خۆی رەوانە ناكرێت، تا ئێمە وەك هەرێمی كوردستان وا بەستەی بەغدابین دوارۆژی سەربەخۆیی ئابووریمان گەشەناکات، بۆیە پێویستە برەو بە ئابووری خۆمان بدەین.
قائید میرۆ




