لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووکدا جارێکی دیکە داعش شکستی برد..سێ مۆڵگەیان لێ روخێندران

بەرەی جەنگ-KDP.info- (کەمال کەرکووکی) بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک رایگەیاند کە جارێکی دیکە هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکەیدا توانیان هێرشێکی دیکەی داعش تێکبشکینن و سێ مۆڵگەیشیان لێ بڕوخێنن.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک (کەمال کەرکووکی) رایگەیاند کە، تیرۆریستانی داعش دەیانویست خۆیان لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە نزیک بکەنەوە بەڵام پێشمەرگەکانی لیوای ٢ و هێزی پێشەوا بە وردی چاودێریان کردن کە لە لایەن تیمی هەواڵگری میحوەر و تیمەکانی هاوپەیمانان و ژووری عەمەلیات زانیاریان لەسەر جموجۆڵی داعش هەبوو، بۆیە لەگەڵ دەنگی یەکەم هاونی داعش، پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و دوژمن شکستی برد.
(کەرکووکی) دەشڵێ، پێشمەرگە و فڕۆکەی هاوپەیمانان بۆردومانی داعشیان لە گوندی مێزرییە کرد و سێ مۆڵگەیان لێ روخاندن.
پێوەست بە زیانی داعش (کەرکووکی) ئاماژەی دا، تا ئێستا هەواڵی کوژرانی ٥ داعش پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون چونکە مۆڵگەکانیان خاپوور کران.




