گروپی شێرە ژنانی دهۆك تائێستا زیاتر لە ٢١٠ جار هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كردووە

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی گروپی شێرەژنانی دهۆك دەڵێ ، گروپی (شێرەژنانی دهۆك) بەردەوامە لەهاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەو تائێستا ١٦٠ جار سەردانی بەرەكانی پێشەوەی شەڕمان كردووە و ٥٠ جاریش بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان هاوکاریمان بە برا پێشمەرگەکان گەیاندووە.
(واجیدا رێكانی) بەرپرسی گروپی شێرەژنانی دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش و لە بەرواری ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٦ـوە گروپی (شێرەژنانی دهۆك) دامەزرێندراوە، هەر لە سەرەتاوە گروپەكەمان بە كۆمەڵێك كۆمەكی زۆرەوە سەردانی بەرەكانی جەنگی دەكرد بۆئەوەی ورەی برا پێشمەرگەكانمان بەرزتر بێتەوە و پاڵپشتی برا پێشمەرگەكان بكەین."
بەرپرسی گروپی شێرەژنانی دهۆك پێوەست بە چالاكییەكانیان دەڵێ، "گروپەكەمان بۆ ماوەی سێ ساڵە بە دروستكردنی خواردنی گەرم و نان و كولیچە (كادا) و دابینكردنی جلوبەرگ هاریكاری هێزی پێشمەرگەی كردووە. لە ئێستادا گروپەكەمان زیاتر لە ٢٠٠ ئەندامی هەیەو هەموی ئافرەتن و تەنیا چەند شوفێرێكی پیاومان هەن. تائێستا ١٦٠ جار سەردانی بەرەكانی پێشەوەی شەڕمان كردووە، ٥٠ جاریش بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان هاریكاریەكانمان گەیاندۆتەوە هێزی پێشمەرگە."
جەختیشی كردەوە، "هەرچەندی خزمەت بە هێزی پێشمەرگە بكەین ناتوانین قەرزی گیانفیدایی پێشمەرگە بدەینەوە چونكە ئەوان خاك و وڵات و ناموس و كەسوكاری ئێمە دەپارێزن. تا دڵۆپێك خوێن لە لەشماندا مابێت گروپەكەمان بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردنی هێزی پێشمەرگە، هەوڵدەدەین لە هەنگاوی داهاتووماندا هاریكاری خانەوادەی شەهیدان بكەین و خزمەتێكی تەواویان بكەین لە هەموو روێكەوە."
ئاماژەیشی دا، "ئێمە تائێستا لە لایەن هیچ كەس و لایەنێك و رێكخراوو گروپێك یارمەتی نەدراوین، بەڵكو ئەندامانی گروپەكەمان هەڵساون بە دابینكردن و رێكخستنی كەلوپەلەكان. لانی كەم حەفتانە ٣ بۆ ٤ جار سەردانی بەرەكانی پێشەوەی جەنگ دەكەین و بە بردنی خواردن و كەلوپەل و جلوبەرگ هاوكاری برا پێشمەرگەكانمان دەكەین. چەندین جار لە ناوجەرگەی شەڕ و لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی پێشمەرگەدا تا درەنگانی شەو پێشمەرگە ئاسا خواردنمان بۆ هێزی پێشمەرگە ئامادە كردووە. ئەگەر هاریكاری بكرێین بارشتر دەتوانین خزمەتی برا پێشمەرگەكانمان بكەین."
سەرباز واحد




