٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''هەڕەشەکانی قەیس خەزعەلی و هاوشێوەکانی بە قسەی وڵاتێکی دەورووبەری عێراقە''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لێدوانی فەرماندەکەی عەسائیب ئەهلوحەق و هاوشێوەکانی لە دژی هەرێم، بۆچوونی هه‌موو شیعە و حەشدی شەعبی نییە، بەڵکو ئەمە سیاسەتی وڵاتێکی دەورووبەری عێراقە کە چاوی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت.

 

 (ئازاد ئەبوبەکر) ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، زۆر جاری دیکە هەندێ لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لێدوانی هەڕەشەئامێزیان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان داوە، هەر لە سەرەتایشه‌وە گرووپی عەسایب ئەهلوحەق دوژمنایەتییان بەرانبەر بە کوردستان و پێشمەرگە نیشان داوە، ئەمەش ئاشکرایە کە جێبەجێکاری سیاسەتی وڵاتێکی دەورووبەری عێراقن کە ئەو وڵاتە چاوی بە پێشکەوتنەکانی هەرێم و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت.

 

(ئازاد ئەبوبەکر) باوەڕی وایە کە پێشمەرگە لەو شوێنەی کە ئازادی کردووە ناکشێتەوە و دوای داعش گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، (قەیس خەزعەلی) و هاوشێوەکانی سیاسەتی دەرەکی جێبەجێ دەکەن بۆیە کەوتوونەتە دژایه‌تیی هەرێمی کوردستان.

 

ئاماژەیشی دا، ئەوەی ئەمانە لە دژی هەرێم دەیڵێن، باوەڕی هه‌موو شیعە و حەشدی شەعبی نییە، بەڵام کەسانێک هەن لە سوننەكانیشن و وەک ئەمانە بیر دەکەنەوە کە چاویان بە سەرکەوتنی پێشمەرگە هەڵنایەت، بەڵام هەرناوچەیەک کە پێشمەرگە ئازادی کردووە و سنووری کوردستانە، بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە لێی دەمێنێتەوە؛ پێشبینییش کراوە کە لە هەندێ ناوچە رەنگە تا ئاستی پێکدادان کێشە روو بدات، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت ببێتە مەترسی و بەسەر ئیڕادەی کورد و پێشمەرگە سەرکەوێ.

 

جێی ئاماژەیە دوێنێ گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی هەڕەشەکانی فەرماندەکەی عەسائیب ئەهلوحەق، رایگەیاند، ئەوانەی بیانەوێ کوردستان داگیر بکەن چارەنووسێکی باشتر لە داعشیان نابێت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار