سووریا سێ داوای لە عێراق هەیە، یەکێکیان ڕادەستکردنەوەی سیاسییە بەرهەڵستکارەکانە

هەولێر-KDP.info- ڕۆژنامەی عەرەب ئەلجەدیدی کوێتی ڕایگەیاند، شاندێکی ئەمنیی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) بە نهێنی سەردانی بەغدای کردووە و سێ داواکارییان لە بەرپرسانی عێراق کردووە.
بەپێی سەرچاوەکە یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەی (حەیدەر عەبادی) کە نەیوستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، شاندی ڕژێمی سووریا لە ئەفسەرێکی پلەبەرزی سەربازی و چەند ئەفسەرێکی هەواڵگری پێکهاتووە و لە هوتێلێکی نزیک دەڤەری سەوز نیشتەجێ کراون.
بەپێی سەرچاوەکە ئەو شاندە چاوی کەوتووە بە سەرکردە جیاکانی حەشدی شەعبی و کەسایەتییە ئایینە شیعەکان و چەند بەرپرسێکی سوپای عێراق، هەروەها چەند کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە دانوستانەکاندا بەشدارییان کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە شاندەکەی سووریا چەند داواکارییەکی هەبووە لەوانە، بەشداریپێکردنی حەشدی شەعبی بوو شەڕەکانی دێرەزور و ڕەققە لەناو خاکی سووریا، هەروەها شاندەکە پێشنیازی پێکهێنانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، سەرباری ئەوەی داوای ڕادەستکردنی چەند کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی سووریاییان کردووە کە لە نێوان هەولێر و ئیستانبوولدا هاتوچۆ دەکەن.




