تویتەکەی موقتەدا سەدر لەبارە مالیکییەوە

هەولێر-KDP.info- (موقتەدا سەدر) ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا سوپاسی عەشایرەکانی باشووری عێراقی کرد کە پێشوازییان لە (نووری مالیکی) جێگری سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی حزبی دەعوە نەکردووە.
(سەدر) بەبێ ئەوەی ناوی (مالیکی) بێنێت، تۆمەتباری کرد بە هۆی ڕووداوی سپایکەر کە تێیدا بە سەدان سەربازی شیعە کوژران و، ئاماژەیشی داوە، ئەو هۆزانە بە هۆی نەریت و ڕێزیانەوە نامەی ڕەتکردنەوەیان کە مەبەستی (مالیکی)ـیە پیشان داوە.
جێگای ئاماژەپێدانە سەرەتای ئەم هەفتەیە، (نووری مالیکی) گەشتێکی بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق ئەنجام دا، بەڵام لەلایەن خەڵکی ئەو پارێزگایانەوە خۆپێشاندان لە دژی چوونی (مالیکی) ئەنجام دران و هێرش کرایە سەری، هەر لەمبارەیەوە شەڕەقسە و بەیاننامە لەنێوان لایەنگرانی (مالیکی و سەدر)دا سەری هەڵدا و یەکتریان بە "ئاژاوەگێڕ" تومەتبار کرد.




