٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیرەکانی پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو؛ یاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپات لەوە کرایەوە کە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە؛ وەزیرەکانی پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتووش ئاماژەیان بەوەدا کە یاسای بودجە لە خزمەتی هەرێمدا نییە.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 14/12/2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا (عه‌بدولسه‌تار مه‌جید) وه‌زیرى كشتوكاڵ و ئاودێرى، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى سه‌ردانێكى خۆى و شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌ش كرد به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسێكدا ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى كشتوكاڵدا. ئاماژه‌یشی دا، له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه‌ و داوایان لێكردوون بۆ وه‌به‌رهێنان بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى كه‌ له‌ ڕووى سه‌قامگیرى و ئارامییه‌وه‌ دۆخێكى باش و له‌باره‌ى هه‌یه‌. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كه‌ شاندێكى كۆمارى ئیسلامیى ئێرانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ره‌دانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستخۆشى لێكردن و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ حكوومه‌ت به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا بێت بۆ ئه‌وه‌ى جگه‌ له‌ نه‌وت و گاز؛ سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ى داهات بدۆزێته‌وه‌، كشتوكاڵیش یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ كارى له‌سه‌ر بكرێت. باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ دوو كێشه‌ هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م كشتوكاڵدا یه‌كه‌میان یاساكان و دووه‌میشیان نه‌بوونى ته‌كنه‌لۆژیاى نوێ بۆ پێشخستنى كشتوكاڵ. هه‌روه‌ها داواى له‌ به‌ڕێز وه‌زیرى كشتوكاڵ و ئاودێرى كرد كه‌ ده‌بێ به‌دواداچوونى به‌رده‌وام بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت و هه‌وڵ بدرێت وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى كشتوكاڵدا هان بدرێن بێنه‌ كوردستان.

دواى ئه‌وه‌  (ڕابه‌ر سدیق) بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكى ده‌ر‌باره‌ى كه‌موكوڕى و خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانى یاساى بودجه‌ى گشتیى عیراقى فیدرالبۆ ساڵى 2017 خسته‌ ڕوو كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا نییه‌.هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بودجانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراون‌، هه‌میشه‌ كه‌موكورتى تیادا بووه‌ و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق هه‌میشه‌ به‌ ویستى خۆى و بۆ مه‌رامى سیاسى ده‌ستكاریى یاساكانى تایبه‌ت به‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌.ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، مانگانه‌ به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ كه‌رته‌كانى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و كاره‌با خه‌رج كردووه‌.

ئینجا سكرتاریه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕگانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ یاساى بودجه‌ى گشتیى عیراقى فیدرالدا هاتوون، هیچ ڕوون نین و دیار نییه‌ چۆنه‌ و چه‌نده‌؟!. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێیخۆش بوو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌ ببوونایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌موكورتییه‌كانى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانله‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌ى گشتى عیراقدا، ڕوون بكرێته‌وه‌.

(قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش وێڕاى ده‌ربڕینى نیگه‌رانى له‌ یاساكه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ كۆبوونه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌نجام بدرێت و تێبینییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان له‌سه‌ر یاساى بودجه‌ى گشتیى بۆ ڕوون بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عیراقدا چاره‌ بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرانى حزبه‌ به‌شداره‌كانى حكوومه‌ت، پارتى دیموكراتى كوردستان، یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، یه‌گكرتووى ئیسلامیى كوردستان و كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان نیگه‌رانی و ناڕەزاییی خۆیان له‌ یاساى بودجه‌ى گشتیى عیراق ده‌ربڕى و هه‌موویان دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستاندا نییه‌.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى تێبینییه‌كانى خۆى له‌سه‌ر یاساى بودجه‌ى گشتیى عیراقى فیدرال بۆ ساڵى 2017، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عیراقى فیدرال كۆببێته‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار