فڕکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بە فەرمی سکاڵای تۆمار کرد

هەولێر-KDP.info- (حەیات مەجید پەرخی) پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، یەکەم سكاڵایان بەشێوەی فەرمی بەرانبەر بەو بێڕێزییەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان تۆمار کرد.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ساز درا، (حەیات مەجید پەرخی) بە ناوی فراکسیۆنی پارتییەوە لە پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، "گرینگ بوو کۆی حزبە سیاسییەکان کە خاوەن خەبات و شەهیدن دەنگی ناڕەزاییان بەرز کردبایەوە، دەبوو لە بەرانبەر بە سوکایەتیی بە پێشمەرگە و شەهیدان بێدەنگ نەبن."
هەروەها داوای کرد لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و پەرلەمانی عێراق، پاریزبەندی لەو پەرلەمنتارەی بزووتنەوەی گۆڕان(سروە عەبدولواحید) بستێننەوە. چونکە بێڕێزی و سوکایەتیی بە پێشمەرگە و خێزانەکانیان کردووە.
جەختی کردەوە، "ئەوەی کردوومانە لە هەستکردن بە بەرپرسارەتی و پارێزگاری لە بەهای خوێنی شەهیدانی کوردستانە بۆیە سکاڵامان تۆمار کرد."
چەند ڕۆژێکە جەماوەری کوردستان لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکان خرۆشان و ڕژانە سەر شەقامەکان، کە دواترینیان خۆپێشاندانە بەرفراوانەکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو لە هەولێری پایتەخت، دژ بە لێدوانەکانی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا(سروە عەبدولواحید).
کۆی دروشمەکانی خۆپێشاندەران ئەوە بوو کە، ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە گوتوویەتی بەتەنیا ڕای خۆی نییە، بەڵکو ئەو پەروەردەی قوتابخانەیەکی فیکریی تووندڕۆیە کە نەهجی خیانەت بووە لە دژی كوردستان، دەنگی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر هاوپەیمانیی گوماناوی بووە لە دژی بەرژەوەندیی كوردستان، لە دژی پیلانێكی بەرفراوانە لەبەرانبەر كوردستان و پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان.




