هێزی پێشمەرگەی کوردستان: گردبوونەوەمان پەیامێکە بۆ ئەو قوتابخانەیەی ڕۆژ دوای ڕۆژ زێدەڕۆیی دەکات و پیرۆزیی هێماکانی گەلەکەمان پێشێل دەکات

هەولێر-KDP.info- هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە یادداشتێکدا رایدەگەیەنێ، ئامادهییان بۆ خۆپێشاندان و ناڕهزایهتی و چوونیان بۆ بهردهم داواكاری گشتی، تەنها لەبەر بێڕێزییەکانی ئەو پارلەمانتارە نییە، چونكه ئەو زۆر لەوە بچووکترە پێشمەرگە لە دژی ئەو بێنە سەر شەقام، بهڵكو پەیامیان بۆ ئەو قوتابخانەیەیه کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زێدەڕۆیی دەکات و پیرۆزیی هێماکانی گهلی كورد پێشێل دەکات.
دهقی یادداشتنامەی هێزی پێشمـەرگەی کوردستان دژی لێدوانه ژههراوییهكانی پهرلهمانتارهكهی گۆڕان:
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
لەکاتێکدا گەلەکەمان بەرەوڕووی دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی بۆتەوە و، ئێمەی پێشمەرگەی کوردستان گیانی خۆمان خستۆتە سەر دەست بۆ بەرگریی کردن لە کەرامەتی گەلەکەمان و خاکی وڵاتمان و، سەدان پێشمەرگەی قارەمان بەخوێنی خۆیان سنوورەکانی کوردستانیان نەخشاند، لەو کاتەدا کە ئێمە ڕووبەڕووی دوژمن وەستاوین، کەسانێکی پەروەردەکراو بە ڕقی ژەهراویی دووبەرەکی و فیتنەگێڕی و ناپاکی، لە پشتەوە خەنجەرمان لێ دەدەن.
ئەوانە کە بەدرێژایی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەشێوازی جیاجیا، شەڕی دەروونییان لەگەڵ ئێمەی پێشمەرگە کردووە، دەرچووی مەدرەسەیەکن کە ڕێز لە هیچ بەها و پیرۆزییەکی گەلەکەمان ناگرێت و لە دوایین ناپاکیدا، پەرلەمانتارێکی ئەو مەدرەسەیە، پەلاماری خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی داوە.
کوردستانییانی خۆشەویست:
کەسانێک کە سەر بە خەتێکی فەوزەوی و داهێنەری ئیرهابی فیکرین و هەموو تەمەنیان بۆ دژایەتیکردنی ڕەمزەکانی وڵات و ڕەوتی سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کردووە، لە دووساڵی شەڕی داسەپاوی تیرۆریستاندا، نەک هەر بەشداریی بەرگریی پیرۆزیان نەکرد، بەڵکوو هەوڵیان دا تەفرەقە بخەنە نێوان پێشمەرگە و سەنگەری پێشمەرگە لاواز بکەن.
بەڵام سوپاس بۆ خوا، هێزی پێشمەرگە بە یەکڕیزییەکی بێوێنە، خەیاڵی ئەو تاقمە نەخۆشانەی پووچ کردەوە و نەک هەر کوڕ و کچانی هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، بەڵکوو خوێنی ئاڵی لاوانی هەرچوار پارچەی کوردستان بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لەیەک سەنگەردا ڕژا و سەرکەوتنی مەزنمان تۆمار کرد، پێشمەرگەی کوردستان یەک پێشمەرگەیە، لە خانەقین هەتا شنگال، پێشمەرگە، پێشمەرگەی کوردستانە. ئەوە بۆ ئێمە شاهیدییەکی گەورە بوو کە ڕۆژی 11ـی12ـی20016، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هاتە هەولێر و خەڵاتی ئازایەتی بە پێشمەرگەی کوردستان بەخشی و لە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەدا گوتی: ئێوە شەرەفێکی گەورەتان بۆ خۆتان و گەلەکەتان تۆمار کرد.
بۆیە بۆ ئێمەی پێشمەرگەی کوردستان، ئاسوودەیی خەڵک و پاراستنی کوردستان و ڕای تێکۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان و هەڵوێستی جیهانییان گرینگە، نەک هاشوهوش و هەوڵی پووچی ناپاک و دەمەوەرەکان، بەڵام چیدیکەش بەرانبەر سوكایەتی و ناپاکییەکانیان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابین.
گەلی ئازاد و خۆڕاگری کوردستان:
ئێمەی پێشمەرگە، جارێکی دیکە دڵنیاتان دەکەینەوە کە پارێزەری خاک و کەرامەتی ئێوەین، ئەو دیموکراسی و ئازادییەی هەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە، ئێمە لە سەنگەری بەرگریداین و ئەرکی ئێوەی جەماوەری کوردستانە کە ڕێگە نەدەن لەپشتەوە خەنجەری ناپاکی لە پشتی پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بدرێت.
ئێمە ئەمڕۆ لێرەین تا دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەیەنین و سکاڵای یاسایی دژی ئەو پارلەمانتارەی گۆڕان تۆمار دەکەین و نابێ ئەو بێ ڕێزیانە بێ لێپێچینەوە و سزا تێپەڕێت. لەمەودواش هەر کەس و لایەنێک بەرگریی لەو سوکایەتییانەی ئەو ناپاکانە بکات و هاوهەڵوێستیان بێت، لەلایەن پێشمەرگەوە دەدرێتە دادگا.
هاتنی ئێمە بۆ ئێرە تەنها لەبەر بێڕێزییەکانی ئەو پارلەمانتارە نییە و ئەو زۆر لەوە بچوکترە پێشمەرگە لە دژی ئەو بێنە سەر شەقام، پەیامی ئێمە بۆ ئەو قوتابخانەیە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زێدەڕۆیی دەکات و پیرۆزیی هێماکانی گەلەکەمان پێشێل دەکات.
هاتنی ئێمە وەک ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ ئەو مەدرەسەیەی کە بازرگانی بە ئایندەی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەکات. کێشە نییە، با خۆیان بفرۆشن، بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی کوردستان بفرۆشن، ئێمەی پێشمەرگە، لە دژیان ڕادەوەستین.
کە کار گەیشتە ئەوەی باسی خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکانمان بکەن، ئەوە هیچ پارێزبەندییەکیان نامێنێ و هیچ بەربەستێک بۆ سزادانیان نامێنێت.
ئێمەی پێشمـەرگەی کوردستان، باوەڕمان وایە، لە داهاتووشدا، دادگای گەل، سزای توندی ناپاکان دەدات و جارێکی دیکە ڕێگە نادەن جێبەجێکارانی ئەجێندای دوژمنان، ببنە نوێنەری گەلی کوردستان.
سڵاو لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
بژی کوردستان
بژی پێشمەرگە




