٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پانێڵی وارشۆدا، باس لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان کرا

سەرچاوە: KDP.info

وارشۆ  -KDP.info-پێوەست بە چارەکردنی کێشەکانی سووریا، پانێڵێکی گفتوگۆ لە وارشۆدا رێک خرا و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پانێڵەکەدا باسی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد کە توانیویەتی بۆ هەموو جیهان بیسەلمێنی کە کاریگەرترین و تاکە هێزی ناوچەکەیە لە دژی تیرۆریستاندا دەجەنگێ.

 

پانێڵێکی گوتووێژ پێوەست بە چارەکردنی کێشەی سووریا و نووسینی ڕاسپاردەیەك بۆ حکوومەتی پۆڵۆنیا به‌ دەستپێشخەری دەزگای Instrat و ڕۆژنامەی ناوداری پۆڵۆنیا "کۆمار – Rzeczpospolita بە هاوکاریی لەگەڵ هەریەك لە ڕێکخراوی خێرخوازی Polish Humanitarian Action و دەزگای Adenauer  ڕێك خرا.

 

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا و ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و دەزگا ستراتیژییەکان و پێوەندیی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری (Polska Debatujeپۆڵۆنیا گوتووێژ دەکات)  ئامادەی بوون.

 

مەبەست لە گوتووێژەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دۆزینەوەی چارەیەک بۆ قەیرانی سووریا و نووسینی ئامۆژگاری بۆ حکوومەتی پۆڵۆنیا کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ قەیرانی سووریادا بکات.

 

پێشتر داواکرابوو لە پسپۆران و شارەزایان لەوانە (زیاد ڕەووف) نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا، هەریەکێك  ڕاپۆرتێك ئامادە بکات وەکو پێشنیازی چارەکردن بۆ حکوومەتی پۆڵۆنیا بەناوی "پەرتووکی سپی" کە چاپ کرابوو و دابەشی سەر ئامادەبووان کرا.

 

سەرەتا ڕێکخەرانی گوتووێژەکە بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد و باسی هۆکاری ئەو دانیشتنەیان کرد. پاشان (زیاد ڕەئوف) گوتارێکی پێشکەش کرد، تیایدا باسی بارودۆخی سووریا و هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکانی کرد. ئاماژەی بەو سنوورە دەستکردەدا کە لە ئەنجامی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە لە ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ، کە ناکرێ ئیتر بەردەوام بێت، ئاخر نەوەک هەر  ویست و خواستی میللەتانی ناوچەکەی لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو تەنها بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکار و کۆلۆنیاڵی لە بەرچاو گرتووە.

 

بە بڕوای (زیاد ڕەووف) چارەی سەرەکیی بارودۆخی ناوچەکە بریتییە لە دووبارە دانانی سیستەمێکی نوێ و داڕشتنەوەی سنوورەکانی ناوچەکە کە ئیرادەی میللەتانی ناوچەکەی تێدا بێت، لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کە بێگومان دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە. گوتیشی، کوردستانی عێڕاق ئیسپاتی کرد کە دەبێتە هۆکاری ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا وەکو وڵاتێك کە هەموو نەتەوە و ئایینی جیاوازی تێدا جێ دەبێتەوە و لە هەمانکاتدا دەبێتە هاوپەیمانێکی جێ متمانە بۆ ڕۆژئاوا و جیهان.

 

دواتر ئاماژەی دا کە چارەی کێشەی سووریا دەبێ بە لێکتێگەیشتنی نێوان زلهێزە جیهانییەکان و زلهێزانی  ناوچەکە و لێكتێگەیشتنی نەتەوەکانی ناوچەکە بێ.

 

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا نوێنەری حکوومەت باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد، کە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی لەخۆدا گرتووە، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو کەموکورتییە لە چەك و جبەخانە، بەڵام توانیویەتی ئیسپاتی بکات کە کاریگەرترین هێزی ناوچەکەیە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش. لەوەوە داوای کرد پشتیوانی و هاوکاری زۆر بکرێت بۆ پێشمەرگە  لە هەموو ڕوویەکەوە و پشتیوانی سەربەخۆییی کوردستان بکرێ لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی زلهێزەوە.

 

دواتر (ڤیتۆڵد ڕێپێتۆڤیچ) ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆی پۆڵۆنیا کە تازە لە کوردستان گەڕاوەتەوە، باسی دۆخەکەی بەشێوازێکی دی کرد، رۆشنایی خستە سەر کێشەکە لە ڕوانگەی کورد و هێزی پێشـمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەری زەمینی لە جەنگی دژ بە داعش.

 

بە گوێرەی قسەی (جۆرج یەعقوب) ئامادەی پانێڵەکە، کوردەکان لە سووریادا دەتوانن ببنە لایەنێکی گرینگی پرسەکە کە لێیەوە ناسنامەیەکی نوێ دروست بکرێت، ناسنامەیەك کە نە ئیسلامی بێت نە عەرەبی. 

 

ناوبراو ئاماژەی دا کە سووریای نوێ دەبێ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و رادیکالیزمی ئیسلامی فڕێ بدات؛ وڵاتانی عەرەبی دەبێ هەرچی زووە پردی پێوەندی لەگەڵ کوردەکان دروست بکەن.

 

 لە هەمان کاتدا (جۆرج یەعقوب) گۆمانی خۆی نیشان دا لە سەرکەوتنی پڕۆژەی فیدڕالی لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە هۆی دووبەرەکی دەسەڵاتدارانی کورد له‌و پارچه‌یه‌دا و کۆمەڵی مەدەنی و نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان خەڵكانی ڕۆژئاوا.

 

 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار