نووسینگه‌ی یه‌په‌گه له پراگ داخرا

هه‌ولێر-KDP.info- ڕۆژنامه‌ی پراڤۆی چیك له زمانی پارێزه‌رێکه‌وه ڕایگه‌یاند، که نووسینگه‌ی باڵی سەربازیی پەیەدە (یه‌په‌گه) که له مانگی نیسانه‌وه لە پراگی پایتەختی چیک کرابووه‌وه داخرا، چونکه نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتوو بێت له په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی کۆماری چیک.
پارێزه‌ر (سلۆڤار هینکۆ) که خزمه‌گوزاریی یاسایی پێشکه‌ش کردووه، ده‌ڵێت "نوێنه‌رایه‌تیی یه‌په‌گه له چیک کرێی نووسینگه‌که‌ی نوێ نه‌کردووه‌ته‌وه."
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که دیپلۆماسیه‌تی چیک خۆپارێزه له په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه.
هەر لەو بارەیەوە، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چیک (میشیل لاگروڤا) ڕایگه‌یاند که ئه‌وان ددان به‌و گرووپه‌دا نانێن که ناوی یه‌په‌گه‌یه به‌پێی هەواڵی (پراڤۆ).




