رۆستەم جیهانگیری: ئەو دەرفەتەی لە رۆژئاوادا لە کیس کورد چوو، له ئهستۆی لایەنی دەستەڵاتداره

هەولێر -KDP.info-بەرپرسێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دهڵێت، ئەوانەی ئاڵا دەسووتێنن خیانەت لە نیشتمان دەکەن.. باوهڕیشی وایه، ئەوانەی لە رۆژئاوای کوردستان لە دەسەڵاتدان، ئەوانەن کە بەرپرسیارن لەو دەرفەتە مێژوویییەی کە لەوێ لە کیس کورد چوو.
)رۆستەم جهانگیری) بەرپرسی پێوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاتی گوت، ''دانانی بەربەست و قەدەغەكردنی هەر پارتێكی سیاسی لە هەر پارچەیەكی كوردستان سەرکۆنە دەکەم، بەتایبەتی سووتاندنی ئاڵای كوردستان، سووتاندنی ئاڵا دەستێکی نەیارانەیە، ئەو لایەنەی ئاڵای كوردستان دەسووتێنێ دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستانە، هیچ سوودێكیش بەو لایەنە ناگەیەنێ، بەپێچەوانەوە ئەو رەفتارانە بە زیانی ئەو حزبە دەشكێتەوە، گەلی كوردیش لە كەس قەبووڵ ناكات. بە دیتی من، سووتاندنی ئاڵای كوردستان دەچێتە خانەی خیانەتكردن لە نیشتیمان و نەتەوە.''
)رۆستەم جهانگیری) نیگەرانیی خۆی لەوەی تا ئێستا كورد لە رۆژئاوای كوردستان نەیتوانیوە سوود لەو چوارساڵەی شۆڕشی گەلانی سووریادا ببینێ ناشارێتهوه و، گوتی ''دەرفەتێكی زێرین بوو تا گەلی كورد سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام بهداخهوه ئەو پەرشوبڵاوییەی نێو ماڵی كورد و حزبی دەستەڵاتدار لە رۆژئاوای كوردستان، نەیتوانیوە یەكدەنگییەك و یەكگرتووییەك لەنێو ماڵی كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا دروست بكات.''
بەرپرسی پێوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گوتیشی، ''خەریكە هێدی هێدی دەگەنە كۆتایی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، ئەستەمە ئەو دەرفەتە زێڕینەی ساڵانی رابردوو بۆ گەلی كورد بگەڕێتەوە و زەربەیەكی گەورەبوو لە رۆحیەتی گەلی كورد درا لە رۆژئاوای كوردستان''، ههروهها گوتیشی ''بەرپرسیارهتیی ئەو قۆناغە مێژوویییەی لە دەست گەلی كورد چووە لە رۆژئاوای كوردستان، دەكەوێتە ئەستوی ئەو هێزەی دەستەڵاتدارە لە رۆژئاوای كوردستاندا و، بوونەتە هۆكاری لەباربردنی ئەو ئازادی و یەك نەگرتنەوەی كورد لەو پارچەی كوردستان.''
قائید میرۆ




