دژی مالیکی خۆپیشاندان کرا؛ دەعوە هەڕەشە دەکات

ههولێر-KDP.info- دوای ئەوەی لە باشووری عێراق لە دژی (نووری مالیکی) خۆپێشاندانی بەرفراوان ئەنجام دران و چەندین دروشمی جۆراوجور لە دژی گوترانەوە، حزبی دەعوەی عێراقی لایەنێک بە هاندەری خۆپێشاندەران دەزانێت و هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی شەڕ دەکات.
کەناڵی (سۆمەرییە) لێدوانێکی (عەباس ئەلموسەوی) ڕاویژکاری ڕاگەیاندنی (نووری مالیکی) بڵاو کردەوە کە ڕایگەیاندبوو، ئەو خۆپیشاندانانەی لە باشووری عێراقدا لە دژی (مالیکی) بەرێوە چوون، خۆڕسک نەبوون و دەستی لایەنێکی سیاسیی لەپشتەوە بووە و مەبەست لێی کوشتنی سیاسی و جەستەیی (مالیکی) بووە.
ناوبراو ئاماژەیشی دا، ئەندامانی ئەو لایەنە لە ڕێگەی خۆپیشاندەرانەوە دەیانویست (مالیکی) بکوژن و ئەم خۆپیشاندانە لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێکخڕابوو.
لەلایەکی دیکەوە، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە بو سەر (مالیکی) کراون و ڕایگەیاندووە چەند کەسێکی دەرچوو لە یاسا کە سەر بە کوتلەیەکی سیاسیی ناسراو و ئاژاوەگێڕ لەپشت ئەم خۆپیشاندانەوە بوون. بەیاننامەکە هوشداری داوە لە دووبارەکردنەوەی ئوپەراسیۆنی (سەولەت ئەلفورسان) لەدژی ئەوکەسانە و ڕایگەیاندووە، دەرچووان لە یاسا ڕووبەڕووی سەولەت ئەلفورسان دەبن بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی بەسرا و فەیحا بەرگری لە ناوچەکانیان دەکەن و تاوانباران دەردەکەن.
نووسنگهی راگهیاندنی (موقتهدا سهدر)ی رابهری ڕهوتهكهش رایگهیاندووه، مالیكی هۆكاری كۆی قهیرانهكانی عێراقه و خهڵكی عێراق چیی دی متمانهیان پێی نهماوه، بۆیه ههر ههوڵێكی (مالیكی) بۆ جارێكی دیكه خۆفهركردنهوهی بهسهر گهلانی عێراقدا شكست دهبات.
چاودیران پێیان وایە ئەمە سەرەتایەکی تازەیە بۆ دووبارە ئەنجامدانی کرداری چەکداری لەنێوان لایەنگرانی (موقتەدا سەدر) و چەکدارانی سەربەحزبی دەعوە و بەکارهێنانی سوپا و پولیس لە لایەن دەعوەوە لە دژی سەدر.




