سۆران؛ کەسوکاری شەھیدان سکاڵا دژ بە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان تۆمار دەکەن

سۆران-KDP.info- کوڕەشەھیدێک دەڵێ، بۆ بەرگریکردن لە دایکی لەبەردەم دادگای سۆرانە و ناڕەزاییی خۆی دەردەبڕێ، چونکە وەک دەڵێ، دایکی سەرەڕای ئەرکەکانی خۆی ئەرکی باوکیشی لەئەستۆیە و ناکرێ سوکایەتییان پێ بکرێ.
ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری شەھیدان لە شارۆچکەی سۆران بەرانبەر لێدوانی نەشیاوی (سروە عبدولواحید)ی نوێنەرەکەی گۆڕان لە بەغدا پێوەست بە سوکایەتی بە خێزانی پێشمەرگە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ناڕەزاییان دەربڕی و، لەو دروشمەی بە دەستی خۆپێشاندەر و ناڕەزاییدەربڕانەوە بوو، داواکردنی دادگاییکردنی پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
(محەممد زیڕۆ) وەک کوڕەشەھیدێک لەبەردەم دادگای سۆرانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من وەک کوڕەشەھیدێک بەشدار بوومە، داکۆکی لە خێزانەکەم و دایکم دەکەم کە ئەرکی باوکیشمی گرتووەتە ئەستۆ.. باوکم لە پێناو ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی کوردستان شەھید بووە، بۆیە قەبووڵمان نییە ھەر کەسێک ھەستێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی حزبەکەی تانە و قسەی نابەجێ بە دایک و خوشکانمان بڵێن."
یەکێکی دی لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە ژنی موقەدەمێکی شەهید بوو و، بە دەنگی بەرز دەیگوت: "مێردەکەی من بۆ ئەوە شەهید نەبووە، ژنێک کە بە هۆی خوێنی ڕژاوی مێردی من و شەهیدانی کوردستانەوە بووە بە پەرلەمناتار و لە سایەی ئەو ئازادییەی ئەوان هێناویانەتە دی، لێدوانی خراپ بە رانبەر بە پێشمەرگە و خێزانی شەهیدان بکا، جا ئێمە ئەمە قەبووڵ ناکەین و هەر دەبێ دادگایی بکرێ."
فایزە کۆیی




