''عێراقییه‌كان مالیکییان قه‌بووڵ نییه، جێی داخه به‌شێك له كورد بچنه پاڵیه‌وه''

بەغدا-KDP.info- نوێنه‌رێكی کورد له په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بۆ ھەموو خەڵکی عێراق ڕوون بووه‌تەوە ھۆکاری سەرەکیی ھەموو کێشە و قەیرانەکانی عێراق (نووری مالیکی)یە، هه‌ربۆیە رێی ناده‌ن سەردانی شارەکانیان بکات، كه‌چی ھەندێک کورد خۆیانی لێ نزیک ده‌كه‌نه‌وه.
(بەنگین مزووری) كه ئەندامی پەرلەمانی عێراقه لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت "گەڕانی (مالیکی) بە شارەکانی باشووری عێراقدا بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە و ده‌یه‌وێ جارێكی دی ڕكێفی عێراق بگرێته‌وه ده‌ست، ده‌یه‌وێ پاش هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له ماوه‌ی حوكمرانه‌تیدا ئه‌ودا به‌رۆكی عێراقیان گرتووه، له‌سه‌ر خۆی لابدا و سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ لای خۆی ڕابكێشێ، هه‌ڵبه‌ت ھەموو خەڵکی عێراق دەزانن هه‌ر (نووری مالیکی)یه سه‌رچاوه‌ی كێشه و قه‌یران. كێ هه‌یه نه‌زانێ لە ساڵی ٢٠٠٣وە ئێستا چیی به‌سه‌ر عێراقدا نه‌هێناوه، باشترین نموونە ئەوەیە ئه‌و به تاوانباری سەرەکیی کەوتنی مووسڵ ده‌رچوو، خۆ بۆ گەلی عێراق ڕوون بووه‌تەوە و لەوەتێگەیشتوون.''
(بەنگین مزووری) بەداخە له‌وه‌ی پاش ئەوەی ھەموو گەلی عێراق بۆی ڕوون بووه‌تەوە کە ھۆکاری سەرەکیی ھەموو کێشەکانی عێراق و قەیرانەکان (مالیکی)یە، كه‌چی تازه به تازه بەشێک لە کورد خۆیانی لێ نزیک دەکەنەوه، گوتیشی ''(مالیکی) كه ھیچی بۆ خۆی و سوننە و شیعەش نەکردووە، بۆ كرد هه‌ر هیچ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیشی بریووە، باشه چۆن ئێستا ده‌یه‌وێ و ده‌ستی تێده‌چێ شتێک بۆ کورد بکات و ئێمەش ریکلامی بۆ بکەین کە ئەمە مومکین نییە.''
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كورد له به‌غدا وه‌بیر دێنێته‌وه كه، ئەو کاتەی (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیران بوو، کاتی زێڕین بوو بۆ عێراق و نەوت بە ١٢٠بۆ١٣٠دۆلار بوو، پارەیەکی زۆری لەبەردەست بوو و فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانیش بوو، كه‌چی هیچی بۆ پێكهاته‌كانی عێراق نه‌كرد، به‌ڵكه بەسەدان کەسی کرد بە فەریق روکن و پۆستی به‌شیوه‌ته‌وه، ئه‌و له جیاتی خزمه‌ت به گه‌لانی عێراق توانی به بەخشینی پارە و پۆست خەڵک بکڕێت و له ده‌وری خۆیدا كۆیان بكاته‌وه تا بەرگری لێ بکەن، هه‌ڵبه‌ت هێشتایش ئه‌وانی كڕیونی له‌گه‌ڵیدانه.
زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسی كڕینه هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و (مزووری) گوتیشی ''توانیویەتی بەشێک لە سوننەکان بکڕێ کە ئێستا لە پەرلەمان پێیان ده‌ڵێن (سوننەی مالیکی)، بۆیە حەق نییە هیچ کورد خۆیانی لێ نزیک بکاتەوە، چونکە خەونە جارێکی دیکە (مالیکی) دەستەڵات بگرێته‌وه ده‌ست، با ھەوڵی خۆی بدات و ئێرانیش پشتگیری لێ بکات، من پێم وایه هاوكێشه‌كان جیاوازن و نابێته‌وه حاكمی عێراق.''
(به‌نگین مزووری) هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''جا له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه و ئه‌و دەرفەته زێرینه‌ی بۆ کورد رەخساوە پێویستە یەکگرتوو بین، نه‌ك وه‌ك ھەندێکان بە دوای (مالیکی) کەوتوون دژ به خواست و ئیراده‌ی گه‌لی كورد بوه‌ستینه‌وه.''
شیاوی ئاماژه‌یه، له چه‌ند ڕۆژی رابردوودا، لە پارێزگاکانی میسان و زیقار و بەسرا و ناسریە، خۆپیشاندان لە دژی سەردانی (نووری مالیکی) سەرۆکی حیزبی دەعوە ڕێك خرا و بە تووندی سەردانی ئەویان بۆ شارەکانیان رەت کردەوە.ب
بڵند ئیبراھیم




