ئەنەکەسە، یوئێنی لە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی سووریا و پەیەدە ئاگادار کردەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەنەکەسە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانی ئەنجام دا و ئەنجامی زۆر باشیشی ھەبوو. گەتیشی، یوئێن لە رۆژی پشوودا پێشوازی لە داواکارییەکانیان کردووە و هەڵوێستیشیان باش بوو.
(خالد عەلی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە ھەولێر و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان لە دژی کردەوەکانی رژێمی سووریا و پەیەدە ئەنجام درا؛ تێیدا داواکاریی خۆمان پێشکەشی یوئێن و رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ کرد؛ هەڵبەت لە رۆژی پشوویاندا بوون بەڵام بەڕێوبەری یوئێن لە ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە داواکاری ئێمە کرد و رای ئەو لەسەر داواکارییەکانی ئێمە زۆر پۆزەتیف بوو."
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە هەرێمی کوردستان گوتیشی، داواکارییەکانیان سەرجەم پێشێلکارییەکانی رژێمی سووریا و پەیەدەی لە ساڵی٢٠١١ـەوە تا ئێستا لەخۆ گرتبوو و داویانە بە یوئێن، ئەنجامی خۆپیشاندانەکانیش بەشێوەیەکی گشتی زۆر باش بووە.
(خالد عەلی) نیگەرانیی خۆیشی نیسان دا لەوە کە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرجەم شارەکانی رۆژئاوادا خۆپیشاندان ئەنجام دراوە، بەڵام پەیەدە ھیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانی نەداونەتەوە، بۆیە باوەڕی وایە، "پەیەدە کە ئەمجارەش بێدەنگ بوون، دیارە نیازێکیان ھەیە و ئێمە ھیچ کات شتی باش لە ئەوان چاوەڕوان ناکەین."
کەسایەتیی سیاسیی حزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سەرچاوە مێدیاییەکان، بەردەوام قسە لەسەر پێشێلکارییەکانی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە- دەکەن بەرانبەر بە سەرکردەی ئەو حزبانەی بیروڕای جیاواز لە پەیەدەیان هەیە کە چۆن ڕێ لە چالاکی مەدەنی دەگرێ و هەروەها لە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی ئەو حزبانەی لەژێر چەتری ئەنەکەسەدا کۆ بوونەتەوە و ئەندام و کادیرانیان ڕپێچی زیندانەکانی دەکات.
بڵند ئیبراھیم




