٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە لە پەرلەمانتارە کوردەکان نیگەرانن؛ نەدەبوو دەنگ بۆ بودجە بدەن

سەرچاوە: KDP.info
 
 هەولێر-KDP.info-  فەرماندەكانی پێشمەرگە نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن لەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە لە بەغدا دەنگیان بۆ بودجە دا و دەڵێن، لە بودجەدا هیچ حیسابێک بۆ پێشمەرگە نەکراوە.
 

 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان نیگەرانن لە پەسەندكردنی پڕۆژەبودجەی گشتیی عێراق و ئاشكرای دەكەن، بودجەیەك ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگەی تێدا زامن نەكرابێت، شەرمەزارییە بۆ عێراقێك دوای زیاتر لە دووساڵ شەڕی بەرەنگاریی تیرۆریستانی داعش بەو شێوەیە رەفتار لەگەل پێشمەرگەدا بكرێت، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێ، ''سەرمان سوڕ ماوە هەندێ پەرلەمانتاری كورد دەنگیان بۆ بودجەیەك داوە تێیدا وەك حەشدی شەعبییش حیساب بۆ پێشمەرگە نەكرابێت.''

 

عەمید (دێدەوان خورشید)، فەرماندەی پێشمەرگەی لە میحوەری خازر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ''من زۆر لام سەیرە برادەرانی كورد لە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە یاسایەك داوە، كه‌ پێشمەرگە گەورەترین قوربانی پێشكەش كرد و گەورەترین هێزی جیهانە بۆ شەڕی دژ بە داعش، کەچی ئەو پەرلەمانتارانە هیچ گوێیان بە پێشمەرگە نەدا، چونكه‌ ئەوەی لە بودجەدا هاتووە هیچ نییە بۆ پێشمەرگە، خۆ ئەگەر پێشمەرگە نەدەبوو ئەوا عێراق ئێستا لە ژێر دەستی داعشدا دەبوو.''

 

داخی عەمید (دێدەوان خورشید) ئەوەیە فڕاكسیۆنەكانی كوردستان لە لایەن عێراقەوە هەڵخەڵه‌تێندراون یان بە زانین و نەزانین بووبێت ئەو بودجەیان پەسەند كردووە، ''بەداخم بۆیان نەدەبوو بەو ئاسانییە رازی بكرێن، هێزی پێشمەرگەی كوردستان نیگەرانە دوای ئەو هەموو قوربانیدان و شەهید و بریندارانە ئێستا ئەوەی لەگەڵ بكرێت لە بودجەدا حیسابێكیان بۆ نەكرێت، هیچ نەبێت هەندێك لە ئاست خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەدا بێت تا دڵی پێشمەرگە بەو رەوشەی عێراق خۆش بێت.''

 

هاوكات عەقید (ناجی سیامەند) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، ''ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە وردی چاودێریی بەڕێوەچوونی پڕۆژەی بودجەی عێراقمان دەكرد و چاوی پێشمەرگە لەوەبوو، لە شەڕی تیرۆریستانی داعشداین ئەمساڵ هیچ نەبێت لەبەر خاتری ئەو هەموو شەهید و خەباتەی كردوومانە، لەنێو بودجەدا ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە جێگیر بكرێت و رەوشی پێشمەرگە باشتر بكرێت لەوەی كە هەیەتی، كه‌چی لە كۆتاییدا بینیمان پەرلەمان ئامادەیە بودجە و مووچەی  زیاتر لە 120 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی دابین بكات، بەڵام ئامادە نییە ژماره‌ی حه‌قیقیی هێزی پێشمەرگە بیخاتە نێو پڕۆژەی بودجەی عێراقه‌وه‌.''

 

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی كه‌ بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرماندەیی بارزانه‌ لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتیشی ''ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، عێراق دەمێك بوو بەسەرچەند ویلایەتێكدا دابەش دەكرا و دەخرایە سەر دەوڵەتی بەناوی ئیسلامی داعشه‌وه‌، خۆ هەر نزیكترین نموونە ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە هێزەكانی عێراق دەیانتوانی هێرشی مووسڵ دەست پێبكەن. ئینجا بێگومان ئەوانەی عێراقیان رادەستی داعش كرد، مووچە و میزانیەی زەبەلاحیان بۆ دابین دەكرێت و ئێمەش ئەوە پادداشتەكەمانە پەرلەمانتاری كورد دەنگ بۆ حەشدی شەعبی بدات و پێشمەرگەش لەنێو بودجەدا حیسابی بۆ نەكرابێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار