کەناڵی سی.بی.ئێس: "گیرانی سەربازە کەنەداییەکە بەپێی دەستوور و یاسای عێراق بووە"

ههولێر-KDP.info- کەناڵى (سى.بى.ئێس)ى کەنەدایى لە هەواڵێکدا بەناونیشانى "سەربازە کەنەداییەکە بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى نیگەران کردووە"، ئاماژە بە لێدوانێکى دکتۆر (دیندار زێبارى) جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە باس لە هۆکارى گرتنى سەربازە کەنەداییەکە دەکات کە لە ڕیزەکانى یەپەگە دەجەنگا و دەڵێت "(مایکڵ کناى) سنوورى عێراق و هەرێمى کوردستانى بە نایاسایى بڕیوە و لە سنووری شنگالەوە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، گرتنەکەى بەپێى دەستوور و یاسای عیراقە" و دایکى ئەو سەربازە قسەکانى (دیندار زێبارى) پشتراست کردوەتەوە.
لە بەشێکى دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بەشێک لە ئاژانسى هەواڵگریی کەنەدا لە ساڵى 2014 ڕاپۆرتێکى هۆشدارییان بڵاو کردووهتەوە کە شەڕکردن لە پاڵ هەندێ هێزى کوردیدا، شکاندنى یاساکانى تیرۆر لە وڵاتەکەدایە.
ڕاپۆرتەکە پەکەکەى وەک نموونە هێناوەتەوە و ئاماژە بەوەش کراوە (هەڵۆکانى ئازادیى کوردستان) کە لقێکە لە پەکەکە چەندین تەقینەوەى سەرەکییان لە باشوورى تورکیا ئەنجام داوە و لە لیستى تیرۆردان، هەرچەندە ئێستا (پەیەدە) وەک خۆى نەخراوەتە لیستى تیرۆرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕابردوو لە ئێستایشدا ڕێکخراوى چاودێریى مافى مرۆڤ داوا دەکات لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە لەوێوە دەگەڕێنەوە.
دوای چەند رۆژێك دەستبەسەركردنی لە هەرێمی كوردستان، ئهو سەربازە كەنەداییە ئازاد کرا. (دیندار زێباری) كه هاوكات سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانه لە ئەنجوومەنی وەزیران بە میدیایی رووداوی راگەیاندووه، دەستگیركردنی ئەو هاووڵاتییە كەنەداییە بەهۆی سەرپێچی و بەزاندنی سنووری نێوان عێراق و سووریا بەبێ پاسپۆرت و ڤیزە بووە. بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق دەستگیر كراوە.
(زێباری) راشیگەیاند، رۆژی 6-12-2016 پەڕاوی ئەو هاووڵاتییە کەنەداییە لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان رادەستی نوێنەری كۆنسووڵیەتی كەنەدا كراوە، هەر ئەو رۆژە گەڕاوەتەوە وڵاتەكەی خۆی.




