بەهۆی بۆردوومانی عێراقەوە، ٦٠ هاووڵاتی سڤیل کوژراون

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز، دوێنێ چەندین هاووڵاتى کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە ناوچەیەکى ژێر دەسەڵاتى داعش لە ڕۆژئاواى سنوورى عیراق و سووریادا بە هۆى بۆردوومانە ئاسمانییەکانەوە کوژراون و، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەى ناوچەکە و ئەندام پەرلەمانێکیش هەواڵەکەیان پشتڕاست کردۆتەوە.
هێرشە ئاسمانییەکان بازاڕێکى شارۆچکەى قایم لە پارێزگاى ئەنباری کردووەتە ئامانج و نزیکەى 60 هاووڵاتى سڤیل کوژراون، ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق کە داواى لە ڕۆیتەرز کردووە ناوی نەبرێت، گوتوویهتی ''نامانەوێت بڕۆینە وردەکارییەوە تا لێکۆڵینەوەکانمان تەواو نەبن، بەڵام زۆر نادادپەروەرانەیە لەپێناو کوشتنى چەند داعشێک،کۆمەڵکوژى هاووڵاتیانى مەدەنى ئەنجام بدرێت.''
هەرچەندە تائێستا حکوومەتى عیراق هیچ ڕوونکردنەوەیەکى لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام داعش ڤیدۆیەکى بڵاو کردووەتەوە و دەریخستووە هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەکانى عیراقەوە ئەنجام دراون و هاووڵاتیانى سوننەى سڤیلی ناوچەکە بوونەتە قوربانى.




