حکوومەتی ههرێم، لە پۆڵۆنیا پیشانگەیەك لەبارەی پێشمەرگەوه دەکاتەوە

پۆڵۆنیا-KDP.info- ئەمڕۆ لە وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا مەڕاسیمی کردنەوەی پیشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەناونیشانی (پێشمەرگە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا) بەڕێوە دەچێت.
بۆنەکە ڕێکخراوە لە لایەن نوسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی پۆڵۆنیا، کە بارەگاکەی خۆی تەرخان کرد بۆ پیشانگەکە، هەروەها بەهاوکاری لەگەڵ یانەی فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانی.
ئەو پیشانگەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتێك بەناوی (پۆڵۆنیا بۆ پێشمەرگە) ئەنجام دراوە، کە ماوەیەکە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا بەهاوکاری لەگەڵ دەزگا خێرخوازی و میدیاکانی پۆڵۆنیا ڕایانگەیاندووە لە پێناوی بانگەوازی کردن بۆ هاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووی چەکدارکردن و چارەسەرکردنی بریندارەکانیانەوە.
لە پیشانگەکەدا وێنەی ٩ وێنەگری ڕۆژنامەوانیی پۆڵۆنی هەڵدەواسرێت کە لە ساڵانی 2014 – 2016 سەردانی هەرێمی کوردستان و بەرەکانی پێشەوەی جەنگی پێشمەرگەیان لەدژی داعش کردووە، وێنەکان دەوڵەمەند کراون بە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەکان کە دیداریان لەگەڵ ئەنجام داون.
بەشی دووەمی پیشانگەکە وێنەی ئەرشیفی پێشمەرگەی لە ساڵانی ٦٠ وە تادەگاتە ساڵی ٩٠ تێدایە، کە لە سەرچاوهی وێنەیی Kurdistan Photolibrary خانەوادەی (کریس کوتچێڕا) وەرگیراوە، هەر لە چوارچێوەی مەراسیمی کردنەوەکە، دوو کۆنسێرتی سیمفۆنیای "پێشمەرگە" و "شەنگال" نیشان دەدرێت.
پیشانگەکە تا کۆتایی مانگی یەنایەری 2017 بەردەوام کراوە دەبێت.




