جەدعان عەلی چیرۆکی دەستگیرکردنی لە لایەن پەیەدە دەگێڕێتەوە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- “رۆژی سێیەمی پرسەی زاوامان بوو، ئاسایشی پەیەدە بە شەش ئۆتۆمبێلهوه و بە شێوازێکی زۆر ناشیرین هاتن و ئێمەیان دەستگیر کرد، بە بەڕێوەبەری ئاسایشەکەیانم گوت، ئێوە باوەڕتان بە پرسی نەتەوەیی نییە، ئێوە نەدەبوو سەرکردەکانی ئێمە لە زینداندا بهێڵنەوە، دەبوو ئێستا ئەم سەرکردانەی ئێمە لە خەباتدا بووان''، (جەدعان عەلی) سەرکردەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد-سووریا، وای گوت.
سەرکردەکانی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستاندا لەبەر خەباتی کوردایەتییان دەستگیر دەکرێن، له لایهن رژێمی سووریاوه نا، بەڵکوو ئاسایشی پەیەدە دەستگیریان دەکات، وەک لە زاری سەرکردەکانی ئەنەکەسەوه دەبیسترێ، تهنیا تاوانیان ئهوهیه وەک پەیەدە بیر ناکەنەوە و بۆ داهاتووی کورد لە رۆژئاوادا کۆشش دەکەن، ههربۆیه پەیەدە دەستگیریان دەکات.
)جەدعان عەلی) یەکێک لەو سەرکردانەی ئەنەکەسەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر چووه بۆ قامشلۆ و، ئاسایشی پەیەدە دەستگیری کرد؛ لە ئێستادا کە ئازاد کراوە چیرۆکی چوونی بۆ رۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتیی دەستگیرکردنی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەخاتە ڕوو.
سهرهتا گوتی، خۆی و هاوڕێیەکی لە دەروازەی سێمالکاوه چوونە رۆژئاوای کوردستان و لە لایەن خەڵکەوە رێزی زۆریان لێ گیراوە، کە گەیشتوونەتە قامشلۆیش چوونەتە پرسەی زاواکەی و دوای سێ ڕۆژیش لە پرسە، یەکڕاست ئاسایشی پەیەدە هاتوون و دەستگیری کردوون؛ (جهدعان) دەگێڕێتەوە ''پەیەدە بە شەش ئۆتۆمبێلهوه هێرشی کرده سەر گوندەکە و زۆر بە شێوازێکی نامەدەنی هاتن و ئێمەیان برد.''
دواتر (جەعان عەلی) دەبردرێتە ئاسایشی پەیەدە لە گردکێلەکێ و لەوێ چەند پرسیارێکی لێ دەکرێ، ''بۆچی لە کوردستان دەژی؟ چەند منداڵت هەیە؟ چ کار دەکەی؟''، ئهو دهڵێ، ''هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو، پرسیارەکانیان لاوەکی بوون، دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشەکەیان هات و پێیگوتم کە دەبێ هەماهەنگی لە نێوان ئێمە و ئێوەدا هەبێ، منیش پێمگوت کە ئێوە باوەڕتان بە پرسی نەتەوەیی نییە و هیچ بوارێکتان نەهێشتووەتەوە و رای جیاوازتان قەبووڵ نییە. ئێوە سەرکردەکانی ئێمە دەستگیر دەکەن، لە ئێستادا لە زیندان دان کەچی دەبوو ئەو سەرکردانە لە خەباتدا بووان نەوەک لای ئێوە بخرێنه زیندانهوه.''
(جەدعان عەلی) دەڵێ، ''رەفتارەکانی پەیەدە گشتی بۆ ئەوەیە کە بەهۆی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئێمەوه وا پیشانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بدەن، کە ئەوان هێز و دەسەڵاتن، دەیانەوێ وەها خۆیان بسەلمێنن.''
لە کۆتاییدا گوتی، ''٣٦ سەرکردەی ئێمە لە گرتووخانەی پەیەدەدان بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێ، کە هەندێکیان وا سێ مانگە لە گرتووخانەی ئەواندان.''
بڵند ئیبراھیم




