سوننه و كورده مالیكییهكانی له پشته؛ ئەنجوومەنی كهركووك ڕێ به پێكهێنانی دوو لیوای حهشد نادا

کەرکووک-KDP.info- (محەممەد کەمال) ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێوەست بە دروستکردنی دوو لیوای حەشدی شەعبییهوه لە کەرکووك دەڵێ، ئەنجوومەن دروستکردنی لیوا رەت دەکاتەوە و دهبێ حکوومەتی خۆجێییش رێگرییان لێ بکات.
(محەممەد کەمال) ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، بڕیار بوو دوو لیوای حەشدی شەعبی لە کەرکووك دروست بکرێ، بەڵام لە ئێستادا دوور خراونەتەوە و چوون بۆ لای سلێمان بەگ، ئێمەش وەک ئەنجوومەنی پارێزگا ڕێ نادهین و نابێ هیچ هێزێکی ملیشیایی لە ناوچەکەدا دروست بکرێ، خۆ پێشمەرگە وا دوو ساڵە لە ناوچەکەدا شەڕی داعش دەکات و هەموو پێکهاتەکانیش بەبێ جیاوازی دەپارێزێ، بۆیە ناوچەکە پێویستی بە هێزێکی دیکە نییە.''
(محەممەد کەمال) دەشڵێ، له دروستكردنی ئهو دوو لیوایهدا ئەوانە هەوڵی بۆ دەدەن کە لە (سوننەی مالیکی) و (کوردی مالیکی) پێکهاتوون، ئاخر خەڵکی نیشتمانپەروەر ناچێتە نێو ئەو میلیشانەوه.
ئاماژەیشی دا، ئێستا کە حەشدی شەعبی چوونەتە سلێمان بەگ، ڕاستییهكهی كه لەوێیشن جێی مەترسین؛ بۆیه نابێ رێگەیان پێبدرێ هێز دروست بکەن، چونکە بە سەعاتێک دەگەنە نێو کەرکووک و سلێمان بەگیش بە کەرکووک حسێبە.
(محەممەد کەمال) روونی کردەوە کە هەرچەندە ئەنجوومەنی پارێزگا دژی دروستکردنی ئەو هێزە ملیشیایەیە، بەڵام پێویستە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکیش رێگرییان لێ بکات و نەهێڵێ ئەو هێزە دروست بکرێ، چونکە بوونی ئەو هێزە لە ناوچەکەدا کێشە دەنێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




