نەواف حەسەن: ئەوەی رژێمی سووریا بە ٥٠ ساڵ نەیتوانی دژ بە کورد بیکات، پەیەدە وا دەیکات

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا دەڵێ، ئەوەی رژێمی سووریا لە ماوەی ٥٠ ساڵدا نەیتوانی بەرانبەر بە کورد بیکات، پەیەدە دەیەوێ.
(نەواف حەسەن رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، رۆژ دوای رۆژ بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان روون دەبێتەوە کە پەیەدە هەڵوێستی کوردانەی نییە و ئامانجیان ئەوەیە پڕۆژەی کورد بۆ داهاتوو سەرنەگرێ.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا دەشڵێ، "وەک چۆن لە ئێستادا چۆن جیهان بووەتە دووبەش پێوەست بە سووریا، بەشێکی لەگەڵ رژێمی سووریادان و بەشەکەی دیکەیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریادان، کوردیش وا بووەتە دوو بەش، بەشێکی لەگەڵ رژێمی سووریادان و بەشێکیشی پڕۆژەی نەتەوەیی هەیە کە (سەرۆک بارزانی) سەرپەرشتیی دەکات بە هەموو کوردانی لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا؛ جا ئەوانەی کە دەڵێن ئێمە پێویستمان بە دەوڵەتی کوردی نییە و، باس لە برایەتیی گەلان دەکەن، ئەوانە هەموو هەوڵێکیان بۆ دژایەتیی ئێمەیە."
(نەواف حەسەن) جەخت دەکاتەوە، "ئەوەی رژێمی سووریا لە ماوەی ٥٠ ساڵدا نەیتوانی بەرانبەر بە کورد بیکات لە رۆژئاوای کوردستاندا، پەیەدە وەک نوێنەری زبی بەعسی سووریا دەیەوێ بیکات، کە لە نەهێشتنی خەباتی سیاسیی دیموکراتی کورد و گۆرینی دیمۆگرافیای کوردستان، وەدەرنانی کردان لەسەر خاکی خۆیاندا ڕەنگی داوەتەوە."
(حەسەن) دەڵێ، ئەگەر بێتو ئەمجارە بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ پەیەدەدا ئەوا دانوستانیان وەک جارانی پێشوو نەبێ، "ئەمانە کورد نین، بۆیە پێویستە رێککەوتن لەسەر پرسە نەتەوەییەکانیان لەگەڵدا بکەین، تا بزانین ئاڵای کوردستان هیی ئەوانیشە یان نا؟ پاراستنی خاکی کوردستان ئەرکی ئەوانیشە یان نا؟ بۆیە گەر لەسەر پرسی نەتەوەیی گەیشتنە رێککەوتن، ئەوی دەمێنێتەوە کێشە نییە و دەگەین بە رێککەوتن، ئاخر ئەوان نیشانیان داوە کە باوەڕیان بە هیچ پرسێکی نەتەوەیی نییە هەر بۆیە ئاڵای کوردستان دەسووتێنن."
بڵند ئیبراھیم




