یەکەمین بەشى زمانى سریانى لە هەرێمى کوردستان کرایەوە

ههولێر-KDP.info- بهشی زمانى سریانى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەددین كرایهوه و (د.ئامانج سەعید) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دهڵێت، کردنەوەى بەشى زمانى سریانى هەنگاوێکى گرینگ و دەستکەوتێکى گەورەیە لە کوردستان.
ئەو ڕاگەیاندنەى (د.ئامانج سەعید) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکى هات، کە بە نوێنەرایەتیى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە مەراسیمى کردنەوەى بەشى زمانى سریانى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەددین پێشکەشى کرد.
لەو مەراسیمەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە (6/12/2016)، بەئامادەبونى (د.ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و ڕاگرى ژمارەیەک لە کۆلێژەکان و مامۆستایانى زانکۆ لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوە چوو، دواى کردنەوەى بەشەکە، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرا.
(د.ئامانج سەعید) لە سەرەتاى وتارەکەیدا دەستخۆشى لە زانکۆکى سەڵاحەددین کرد و گوتى کردنەوەى ئەم بەشە ڕەنگدانەوەى تایبەتمەندیى هەرێمەکەمانە لە فرەیى و ڕێزگرتن و جیاوازیى پێکەوەژیان پێشان دەدات و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک چۆن پشتگیرى و کارئاسانى بۆ کردنەوەى ئەم بەشە بۆ کردوون، لەهەمان کاتدا بایەخدان بە پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشنابوون بە زمان و ئەدەب و کەلتوور و مێژوو و کەلەپوورى پێکهاتە جیاکانى کوردستان لە ڕێگەى توێژینەوەى ئەکادیمى لە ناوەندەکانى خوێندن بەیەکێک لە کارنامە سەرەکییەکانى وەزارەتەکەمان دادەنێین و، بایەخى زۆرمان پێداوە.
جهختی كردهوه، ''کردنەوەى ئەم بەشەش ڕەنگدانەوەى ئەو بایەخ و گرینگیپێدانەی وهزارهته و، هەر لە چوارچێوەى بایەخپێدانەکانمان بەو بابەتانە لە ڕۆژانى داهاتوودا کۆنفرانسێکى فراوان بۆ لێوردەیى و پێکەوەژیان بەڕێوە دەبین، وتیشى (کلد ئاشوور سریان)ى بەشێکن لە مێژووى هەرێمەکەمان، هەروەک بەشێکن لە مێژووى شارەکەمان، شارى هەولێرى پایتەختى خۆشەویست، بۆیە شانازى بە بوون و بەشداریتان دەکەین.''
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژه بهوهی كه لە ماوەى (4) ساڵى ڕابردوودا ململانێیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گەرمەى توندوتیژیدا بووە، بەڵام ''هەرێمەکەمان توانى لەو ململانێیەدا تایبەتەمەندیى پێکەوەژیانى خۆى بپارێزێ و، وەک هەرێمێکى ئارام و پابەند بە بنەماکانى ڕێزگرتن لە جیاوازی و فرەیى بەردەوامى بەژیان بدەن''، گوتیشى ''وەک هەرێمى کوردستان شانازى دەکەین بەئارامى کوردستان، هەربۆیە لە شەڕى دژى بەداعش توانیمان نزیکەى (2) ملیۆن ئاوارە و دەرەبەدەرى سووریا و ئێراق لە هەرێمى کوردستان پەنا بدەین.''
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا (د.ئەحمەد دزەیى) سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین رایگهیاند، کردنەوەى بەشى زمانى سریانى تەنها کردنەوەى بەشێکى زمان نییە، بەڵکو گرینگ و مەغزاى خۆى هەیە. گوتیشی، ''هەوڵ دەدەین لە ڕێگەى پێگەیاندنى خوێندکاران لەم بەشە زانستییە ئەو ڕۆحى لێبوردەیى و پێکەوەژیانەى کە مێژوویەکى قووڵى لە کوردستان هەیە بەردەوامى پێ بدەین و پەرەى زیاترى پێ بدەین.''
به گوتهی (د.سەعید عومەر) ڕاگرى کۆلێژى پەروەردەیش، زمانى سریانى یەکێکە لە زمانە دێرینەکانى ناوچەکە و سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ بۆ زمانى ئارامى و، لەوساوە تا ئێستایش خەڵکێكى زۆر جگە لە هەرێمى کوردستان لە وڵاتانى ناوچەکەش قسە و گفتوگۆى پێ دەکەن، ئەوەشى ڕاگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندن (20) خوێندکاریان لە بەشى سریانى وەرگرتووە و، لە ساڵانى داهاتوویش دەرچووان دەبنە پاڵپشتییەکى گرینگ بۆ بەهێزکردنى زمانى سریانى.
سەرۆکى بەشى زمانى سریانیش لە وتەیهکدا، دواى ئەوەى دڵخۆشى خۆى دەربڕى بەکردنەوەى ئەو بەشە زانستییە گوتى، کردنەوەى بەشى زمانى سریانى دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆر کراوەتەوە.. ئەم بەشە تایبەت دەبێ بە زمان و کەلتوور و کەلەپوورى سریانى، هەربۆیە توێژینەوەى زانستى و ئەکادیمى بەراوردکارى دەکات.




