مەسروور بارزانی بە جیا لەگەڵ جێگرانی وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكا کۆ بووەوە

واشنتن-KDP.info- راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی پاشەڕۆژی کوردستانیان کرد و، جەختیان لەسەر پەیوەندی تۆکمەی نێوان ھەولێر و واشنتۆن کردەوە.
(مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ (ئانتۆنی بلینکن) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ بووەوە و جەختیان لەسەر پێوەندیی تۆکمەی نێوان ھەولێر و واشنتۆن کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها ھەردوولا باسیان لە قۆناغی دوای شەڕی مووسڵ و وەدەرنانی داعشیان لە عێراق کرد؛ لە کۆبوونەوەکەدا (مەسروور بارزانی) دووپاتی کردەوە، پێشمەرگە و گەلی کوردستان ھاوبەشی ئەمەریکا و جیھان دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە لایەکی دیکەوە، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەبارەی زیادکردنی ھاوکارییەکانی پێشمەرگە کۆ بوونەوە.
شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (مەسروور بارزانی)، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ (ئێلیسا سلۆتکین) جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا کۆ بوونەوە و باسیان لە میکانیزمی زیادکردنی ھاوکارییەکانی پێنتاگۆن بۆ پێشمەرگە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیاندا لە واشنتۆن، (مەسروور بارزانی) لەگەڵ (وەلید فارس) راوێژکاری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانیشتن و تاوتووی شەڕی دژی داعش و داھاتووی کوردستانیان کرد.
چەند رۆژێكە (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەریی (فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بۆ تاوتووکردنی پاشەڕۆژی پێوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داھاتووی ئیدارەی ئەمەریکا و تیمی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، لە واشنتۆنە.





