راوێژكارێک: پێویسته به‌نده یاساییەکانی تایبه‌ت به سوكایه‌تیكردن به ئاڵا كارا بكرێنه‌وه

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری یاسایی‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت، سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ركه‌س و لایه‌نێكه‌وه بێت ده‌چێته خانه‌ی تاوانی دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد و پێویسته به‌پێی یاسا تاوانکاران سزا بدرێن. ده‌یشڵێ، پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و به‌نده یاساییانه‌ی تایبه‌تن به سوكایه‌تیكردن به ئاڵاوه كارا بكاته‌وه.
دكتۆر(وه‌عدی مزووری) راوێژكاری یاسایی‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "به‌داخه‌وه گوێبیستی روودای سووتاندنی ئاڵای كوردستان بووین له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه له رۆژئاوای كوردستان، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كرداره ناڕه‌واكانی به‌رانبه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كرێت. دیاره سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه بووه كه دژ بە ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و خه‌باتی گه‌لی كوردن. ئاڵای پیرۆزی كوردستان هێمای خوێنی شه‌هیدان و سیمبولی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه، دیاره له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه ئیدانه كرا، چونكه ئاڵای كوردستان گرێدای هیچ كه‌س و لایه‌نێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو ئاڵای خه‌ڵكی كوردستانە به هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان.
دكتۆر (وه‌عدی مزووری) جەخت دەکاتەوە کە له ڕووی یاساییه‌وه ئاڵای كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه چه‌سپێندراوه له ساڵی 2009ـدا، له ڕووی مێژووییه‌وه له ساڵی 1920 كورد به فه‌رمی كاری به ئاڵای كوردستان كردووه، جا لەبەر ئەوە سووتاندنی ئاڵا ده‌چێته چوارچێوه‌ی تاوانی نه‌ته‌وه‌یی دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد.
ئاماژەیشی دا، "چونكه رووداوه‌كه له سنووری ده‌وڵه‌تی عێراقدا نییه، ئێمه ناتوانن رێكاری یاسایی بگرینه‌به‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای ژماره 111 وه‌ستێندراوه و كاری پێناكرێت، حكوومه‌تی عێراق له دوای 2003وە ژماره‌ی به‌ندی یاسایی راگرتووه تایبه‌ت به سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق سوكایه‌تی به ئاڵا و ده‌وڵه‌ت ده‌كات، به‌ڵام داوا ده‌كه‌ین له‌كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده یاساییانه بكات، چونكه پێویستمان پێی هه‌یه."
ئەو راوێژكارە یاساییەی په‌رله‌مان گوتیشی "تاوانی سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر خاكی رۆژئاوای كوردستان كراوه، بۆیه ده‌كرێ به یاسای ئه‌و وڵاته لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و یاسای وڵاتی سووریا به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ بكرێت، چونكه ئاڵایه‌كی فه‌رمییه و له زۆربه‌ی وڵاتان ددانی پێدا نراوە و لە مەارسیمە دیپلۆماسییەکاندا هەڵدەکرێ، له سووریایش به‌ندی یاسایی هه‌یه دژی ئه‌وانه‌ی ئاڵای وڵاتێك ده‌سووتێنن."
قائید میرۆ




