هێزەکانی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنی گوندەکانی سنوری مەخموور و شەرگات هێرشیان بەرپا کرد

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەکی سوپای عێراق لە میحوەری مەخموور گوتی، هەڵمەتی رزگارکردنی ئەو چەند گوندەی لە میحوەری مەخموور لە چنگی داعشاندا ماون، دەستی پێکردوە.
(ئەمین شێخانی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە هەڵمەتی چەند رۆژی رابردوودا بۆ وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری شەرگات و مەخمور، کە مەبەست ڕزگارکردنی گوندەکانی (شەیالە، ئیمام شەیالە، حەبەلی، قودیلە، خەتاب و کەنخوس)ـە، گورزی کاریگەر لە تیرۆریستان در و دوو لە گوندەکانیش رزگار کران."
بە گوتەی رائید (ئەمین شێخانی)، تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نەماوە، ئەوەی لەدەستیان دێ ئەوەیە کە لەلایەن ئەمیرەکانیانەوە ناچار کراون بە بۆمبی چێندراو بەرگری لە خۆیان بکەن و زیاتر نا.
گوتیشی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھێرشکردن بۆ پاککردنەوەی ئەو گوندانە دەستیپێکردووەتەوە؛ ئەو ھێرشەش بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی گوندەکان رزگار دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




