عەرەب ئەلجەدید: فڕۆکەخانەی بەغدا بەدەست حەشدی شەعبی و لە خزمەتی ئەجیندای ئێراندایە

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری عەرەب ئەلجەدید، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ئێستادا بووەتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ گەشتیاران بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە و بەکارهێنانی بۆ ئەجیندای ئێران.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ماڵپەرەکە ڕایگەیاندووە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران فڕۆکەخانەیان دابڕاندووە لە پایتەخت و بە شێوەیەکی توند گەمارۆ دراوە کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک تا فڕۆکەخانە بۆ مەرامی گۆماناوی بەکاربێت، لەوانە هەناردەکردنی چەکدارانی عێراقی و بیانی و ئێرانی بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، پێشوازیکردن لە تەرمی هەندێکیان و هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ دیمەشق.
ناوبراو ئاماژەیشی داوە کە پێویستە فڕۆکەخانە لە لایەن لایەنی پێوەندیدار و دیپلوماسییەکانەوە بەڕێوە ببردرێت بۆ پێشاندانی ڕووی شارستانییەتی وڵاتەکە، نەک وەک ئەوەی ئێستا تێیدا دەگوزەرێت.




