حکوومەتی هەرێم بە بایهخهوه لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڕوانێ

هەولێر-KDP.info- (دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، بە بایهخهوه لە راپۆرتی 25ی شوباتی 2016ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا دهڕوانن و كه پێوەسته بە پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا.
له راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکادا تیشك خراوهته سەر رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە چەند وڵاتێك و رەخنە و تێبینی و سەرنجەكانی دەربڕیوە لەم بارەوە، سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش راپۆرتهكه تێبینییەكانی خۆی خستووهتە روو لە چەند روویەكەوە بەتایبەتی دوای هاتنی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە، هەروەها باس لە رەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و ئازادی هاتوچۆیان، رەوشی ناوچە تازە ئازادكراوەكان، ئازادی میدیا، رێوشوێنەكانی دەستگیركردن، گەندەڵی، سەروەریی یاسا و چەند کەیسێکی دیکە دەکات.
ئەو خانووانەی ڕماون، لە ئەنجامی شەڕ و خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و مینڕێژکردنیان تێک دراون
(د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی بڕوابوونی بە پرەنسیپەكان مافی مرۆڤ و كاركردن لە پێناو چەسپاندنیدا، پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات دەربارەی هەرێمی كوردستان لە رێكخراوەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەچن بە هەند وەردەگرێت و بایهخیش بەو تێبینی و سەرنجانە دەدەین كە راپۆرتەكە لەسەر هەرێمی كوردستان باسی كردوون سەبارەت بە پێشڤەچوونی رەوشی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی پاراستنی، لەوانەش راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە گرینگی بە پاراستن و پابەندبوونی وڵاتان بە پرەنسیپەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی پێشخستنی دەدات لە سەرتاسەری جیهان.
سەبارەت بە تێکدانی خانووی عەرەبە سوننەکان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و رێگا نەدان بە گەڕانەوەی عەرەبەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، (دیندار زێباری) دەڵێ، هێزی پێشمەرگە تاکە هێزی فەرمی بەشێوەیەکی شەرعی و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە لە جەنگدایە دژی تیرۆریستان و بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەمان کاتدا بە یارمەتیی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جگە لە سنوورەکان سەقامگیریی ناوخۆی کوردستانیش دەپارێزێت.
(زێباری) رۆشنایی خستە سەر سەردانی مەیدانیی لیژنەکەیان بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان و لەم بارەیەوە گوتی: دوای بەدواداچوونی مەیدانی لیژنەکەمان سەبارەت بە تێکدانی خانووی هاووڵاتیان لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بە گوێرەی وتەی بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەکانی دەرکەوت کە بەشی هەرەزۆری ئەو خانووانە لە ئەنجامی شەڕ و خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و مینڕێژکردنیان تێک دراوە و، تەنیا لە ناوچەی زوممار هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 173 تون تەقەمەنیدا گرتووە کە تیرۆریستان بە نیاز بوون بیتەقێننەوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیکەى (2000) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە مووسڵ و لە وڵاتى سووریا هاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون دواى وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەزگا ئەمنییەکان و هێزى پێشمەرگە، هەروەها لە فەرمانگە حکوومییەکانى ناحیەى زوممار نزیکەی 138 هاووڵاتی عەرەب کار دەکەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە رێگری لە هاتوچۆی خەڵکەکە ناکرێت. بەشێک لە گوندەکان خەڵکەکەی پێوەندییان بە داعشەوە کردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئهسكى مووسڵ)، گوندى هزیمه، گوندى تەل هەروەها بەشێک لەو عهرهبانهى كه له زوممار نیشتهجێن له كاتى ڕزگاركردنیدا لهگهڵ داعشدا ڕۆیشتن بۆ نموونە دانیشتوانى گوندى (گركاڤڕ) نزیکەی (98%)یان پێوهندییان به ڕیزهكانى داعش كردووه و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام ڕێگرییان لێ ناكرێت.
لە بارەی پارێزگای دیاله (دیندار زێباری) رایگەیاند، بەشی هەرەزۆری وێرانکاریی خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش بووە و، دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە ژمارەیەکی زۆر لە خانوو و شوێنی بازرگانی خەڵکی ناوچەکە دوای سووتاندنیان بە بلدۆزەر خاپوور کراون، بۆ نموونە گەڕەکى تەجنید لە جەلەولا (گوڵاڵە) گەڕەکێکی زیادەڕۆ (تجاوز)ە کە لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس دروست بووە، دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003 نزیکەى (1800) پلەدارى سەربازیى پێشووی ڕژێمى بەعسى لێ بوو، هەروەها جگە لە کۆنە بەعسییەکان ئەندامانی قاعیدە و نەقشەبەندیش لەوێ کۆ ببوونەوە و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان هێنابووە ئەوێ و تەنانەت سوپای عێراقی و ئەمهریکاییەکانیش نەدەچوونە ئەو ناوچەیەوە، قورساییی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانیش لەو ناوچەیە لەو گەڕەکە رووی دا، لە ئەنجامی شەڕدا ژمارەیەکی زۆری خانووەکان بەتایبەتی ئەو خانووانەی کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو شەڕیان دەکرد، ئەمەش هۆکارێکى سەرەکى بووە بۆ خاپووربوونى ئەم گەڕەکە واتە لە ئەنجامی شەڕ رووخاوە و بە شۆفڵ نەڕوو خێنراوە.
یەکێک لە ستراتیژەکانی داعش ئەوەیە ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی دەکەن هەمووی مینڕێژ دەکەن و دواتر دەیتەقێننەوە
سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک (د. دیندار زێباری) گوتی، لە هەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکووک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێک دراون، بێئەوەی هیچ شەڕ و پێکدادانی تێدا روو بدات وەک گوندەکانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مکتب خالد، هندیەی کۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بەڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی هەرەزۆری وێرانکاریی خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعش بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. بۆ نموونە گوبیبە لە سەردەمی رژێمی (سەددام حوسێن) هەموویان (فدائی صدام) بوون، دواتر پێوەندییان بە (القاعدە)ـەوە کرد و، ئێستایش هاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و هەر لەو گوندەوە (65) رۆکێتی کیمیاوییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن. گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک هاتن سەردانیان کرد هەرچەندە (8) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو، یەکێکیان ئەو تیرۆریست بوو کە تەقینەوەکەی (دبس)ی ئەنجام دا و لە دوای هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشەوە شەڕ دەکەن.
گوندی(خالد) ناوچەی شەڕ بووە کە بەشی هەرەزۆری خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، لە ساڵی 2014 لە (وحدە و سعد) هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە گوندی (تل الورد) شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە رووی دا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێکیان هەڵکۆڵی بە درێژایی (180) مەتر لەژێر قوتابخانەیەکی گوندی (تل الورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەکانی (سمایلاوە و مەنسوریە) بڕێکی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە کارگەی درووستکردنی تەقەمەنییان هەبووە. لەگوندی (سید خلف) یەک ترێلە کە بە (TNT) بۆمبڕێژکرا دەستی بەسەرداگیرا، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە کرابوو.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە یەکێک لە ستراتیژییەکانی داعش ئەوەیە ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی دەکەن هەموو مین ڕێژ دەکەن و دواتر دەیتەقێننەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانی خۆیان و هۆکاریشە بۆ ئەو وێرانی و کاولکاریەی کە رووی داوە. هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەى هاووڵاتیانى عەرەب بۆ جێگاکانى خۆیان پەیوەندى بە بارودۆخى ئەمنى و تەندروستى و خزمەتگوزارییەوە هەیە، بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە سەبارەت بە ڕێگەپێنەدانیان لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدات و ئەگەر کەسێک داوای هەبێت و بەڵگەی تەواوی بۆ داواکەی پێبێت
(زێباری) ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی دامەزراوەیی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندی تەواوی یاساکانی جەنگە و لەمبارەوە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم رێنماییی تایبەتی بۆ گشت فەرماندە و یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ دەرکردووە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدات و ئەگەر کەسێک داوای هەبێت و بەڵگەی تەواوی بۆ داواکەی پێبێت ئەوا تاوانباران سزا دەدات. هەروەها ئێزدییەکان هیچ میلیشیایەکی چەکدارییان نییە، چونکە ئێزدییەکان یەک هێزی فەرمییان هەیە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
سەبارەت بە گوندهكانی (سیبا و ساهر و چرى) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ئهم گوندانه سهرچاوهى تیرۆریستانى داعش بوون و زۆربهى ئهو كچ و ژنانهى كوردى ئێزدى كه لهلایهن داعشهوه رفێندرابوون، یهكهم جار لهو گوندانه كۆیان كردوونهتهوه و دهستدرێژییان كراوهته سهر دواتر بهرهو مووسڵ و رهققه و شوێنهكانی دیكه نێردراون. كاتێك پێشمهرگه هێرشى كرده سهر ئهم گوندانه به مهبهستى رزگاركردنیان، خهڵكهكهی لهگهڵ چهكدارانى داعش بهرهنگارى پێشمهرگه بوونهوه و، له ئهنجامى شهڕێكى گران خهڵكانێك كوژران و خانووهكان وێران بوون.
له دوای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچهكانی باكووری شنگال له لایهن داعشهوه عهرهبهكانی گهنجانی ئێزدیان كوشتووه بهشێوهی كۆمهڵكوژی و رفاندویانن و چهندین تاوانی نامرۆڤانهیان بهرامبهریان ئهنجام داوه. دوای ئازادكردنی چیای شنگال ههندێك له خانهواده عهرهبهكان مابوونهوه لهم دێهاتانه سهرهڕای پێوهندییان به داعشهوه، بهڵام پێشمهرگه و ئێزدییهكان بههیچ شێوهیهك ئاستهنگی بۆ درووست نهكردن و دهری نهكردوون، بۆیه ئهم خانهوادانه له گوندهكانی خۆیان مانهوه و خهریكی كاری كشتوكاڵی خۆیان بوون تاكو بهرههمی كێڵگه و باخهكانیان چنییهوه، ئینجا به ویستی خۆیان روویان له ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی داعش كرد له مووسڵ و تهلعفەر و بهعاج.
لە هەرێمی کوردستان هیچ زیندان و گرتووخانەیەکی نهێنی نییە
سەبارەت بە بوونی زیندانی نهێنی و سەردانی رێکخراوەکان بۆ زیندانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ گیراوان (زێباری) گوتی: لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە کردووە و لە دەرئەنجامدا دەرکەوتووە کە لە هەرێمی کوردستان هیچ زیندان و گرتووخانەیەکی نهێنی نییە و هەرکەسێک دەستگیر بکرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ ئەوەی پەیوەندی بە تیرۆرە و هەیە یاسای تیرۆرمان هەیە کە لە پەرلەمان دەرچووە و رێگا نادرێ رەفتار و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا بکرێ، بەڵام دوای ئەوەی ماوەی یاساکە درێژ نەکراوەتەوە ئێستا کار بە ماددەی (159)ی یاسای سزادانی عێراقی دەکرێت، هەروەها لە هەرێمی کوردستاندا رێگە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناگیرێت بۆ سەردانکردنی بەندیخانەکان، بۆ نموونە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2015 یونامی 53 سەردانی بۆ ناوەندەکانی گرتن ئەنجام داوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 400 بەندکراودا ئەنجام داوە. هەرچیی سەبارەت بەو کەسانەشە کە تەمەنیان 17 ساڵان یان لە 17 ساڵ کەمترە دەنێردرێنە ناو بەندیخانەی تایبەتەوە کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت و رێگا بە رێکخراوەکان دەدرێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەن.
بۆ سزادانی بەندکراوان، هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسای ژمارە 37ی دەستووری سزادانی عێراقی کار دەکات و بە گوێرەی ئەو یاسایە هەموو جۆرە سزایەکی دەروونی و جەستەیی و مەمەڵەی نامرۆڤانە قەدەغەیە، ئەگەر بێت هەر کەسێک ئەم یاسایە پێشێل بکات ئەوا ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت. بەپێی یاسا و رێنماییهكان رێگه نادرێت ئهفسهر و كارمهندانی پۆلیس راگیراوان ئهشكهنجه بدەن لهكاتی لێكۆڵینهوه و وهرگرتنی ددانپێدانانیان بهزۆر، ههر تۆمهتبارێك بۆی ههیه سكاڵا تۆمار بكات له لایهنه پهیوهندارهكان له وهزارهتی ناوخۆ بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بکرێت.
هەموو کەسێک مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانیان هەیە
سەبارەت بە ئازادیی را دەربڕین و داخستنی نووسینگەی چەند کەناڵێک لە شاری هەولێر سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ئاماژەی دا، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ئازادە لە ئەنجامدانی کاری میدیایی و دەربڕینی بیروڕای خۆی بە ئازادی لە چوارچێوەی ئەو یاسا و رێنماییانەی کە تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت، لێرەدا بە سوودوەرگرتن لەم ئازادییە و پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکان دەیان رۆژنامە، گۆڤار، کەناڵی تەلەفزیۆنی لۆکاڵ و ئاسمانی و رادیۆ پەخشی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا رۆژنامەنووس و میدیاکارانیش بەپێی یاسا مافیان پارێزراوە. وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان لە ساڵى 2015 رێنمایى مۆڵەتى کارى وێستگەکانى رادیۆ و TV دەرکردووە. تێیدا پێناسەى کاری رۆژنامەنووس کراوە و هەر بەپێی ئەم رێنماییانە بە دەیان رادیۆ و تیڤى لە هەرێمى کوردستان مۆڵەتى کارکردنیان پێدراوە. سەبارەت بە چۆنیەتى کارکردنى میدیاکاران وەک وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت کار بە یاساى کارى رۆژنامەگەرى ژمارە (35) ى ساڵى 2007 دەکرێت.
رۆژنامەنووس (سەباح ئەتروشی) بە تۆمەتى دروستکردنى مەترسى بۆسەر ئاسایشى نەتەوەیى لە 2/2/2015 لەلایەن ئاسایشى دهۆکهوه دەستگیر کراوە، بەڵام دواتر لە 16/4/2016 بەکەفالەت ئازاد کرا، (عیسا بەشیر بارزانى) لەدایکبووى 1/7/1967 پێشتر پێشمەرگە بووە لە سوپاى بارزان لە ڕۆژى 5/8/2015 دەستگیر کراوە و دواتر لە رۆژی 30/1/2016 ئازاد کرا، سەبارەت بە کەیسی رۆژنامەنووس (کاوە گەرمیانی) ئیدیتەری گۆڤاری رایەڵە و رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئاوێنە لە 5ی کانوونی دووەمی 2013 لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا، جەنابی سەرۆکی هەرێم راوێژکاری خۆی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و دواتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 11507 لە 8ی کانوونی یەکەمی 2013 لیژنەیەکیان پێکهێنا و توانیان تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە.
سەبارەت بە خۆنیشاندان و دەستخستنی زانیارییەکان و ئەو رووداوانەی کە لە ناوچەکانی قەڵادزێ و کەلار روویاندا زێباری وتی: بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی 1969ی هەموار كراو لە ماددەكانی (220، 221، 222) و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان ژمارە (11)ی ساڵی 2010ی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ ئاژاوەگێڕان دەكرێت، هێرش كردنە سەر شوێنی گشتی و تایبەتی بەمەبەستی درووستكردنی ئاژاوە و تێكدانی سەقامگیری وڵات و هەرەشە كردن لە ئاسایشی نەتەوەیی سزاكانیان بەند كردن و غەرامەیە. بەپێی ئامارەكانی دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (2) كەس لە كەلار و (3) كەس لە قەڵادزێ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان شەهیدبوون و (50) تریش بریندار بوون كە برینی زۆربەیان بەهۆی بەرد بووە، لەلایەكی دیكەوە دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە (183) كەسیش دەستگیر كراون بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەكان كە تەمەنیان لە خوارووی تەمەنی یاسایی بوون كە داوای مووچەیان كردووە لە كاتێكدا بوون بە فەرمانبەر بەپێی یاساكانی هەرێم پێویستە تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵییەوە بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەموویان ئازاد كراون لە ئاسایشی سلێمانی بە كەفالەت یان بەڵێننامە.
لەبارەی دەستڕاگەشتن بە زانیارییەکان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت ئەمە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە هیچ حیزب یاخود لایەنێکەوە نییە و گرینگ نییە ئەو کەسەی داوای زانیاری دەکات سەر بە چ پارتێکی سیاسییە لەم هەرێمەدا، لەلای خۆیەوە ئەنجومەنی دادوەری ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو کەسێک مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانیان هەیە بەبی هیچ جیاوازیەک و زانیاری دەدرێتە هەمووان و هەر کەسێک سەرپێچی ئەمە بکات و زانیاری نەداتە ئەو لایەنانەی کە پێویستیانە ئەوە بە بڕی 250 بۆ 500 هەزار دیناری عێراقی سزا دەدرێت .
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پاراستنی مافی منداڵان و ئافرەتان وەک لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف ناوەندێک پێک بهێنن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر رێژە و ژمارەی ئەو منداڵانە بکەن کە لە خوار تەمەنی یاساییەوە کار دەکەن و بێ لانە و ماڵن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کار لە 2015 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە هاوکاریان بکرێت بۆ چارەکردنی کێشەی کارکردنی منداڵان لە خوار تەمەنی یاسایی و کەمکردنەوەی ئەو رێژەیەن.
بە گوێرەی یاسای ژمارە 76ی 1ی ئابی 1983 ئەنجوومەنێک بۆ هاوکاری ئەو منداڵانە پێکهێنراوە کە تەمەنیان لە 17 ساڵان کەمترە و ئەم ئەنجوومەنە هاریکاری ئەو منداڵانە دەکات کە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە یاخود بەهۆی خراپیی رەوشی ئابووری بنەماڵەکانیان ناچارن لە تەمەنێکی بچوکدا واز لە خوێندن بێنن و دەست بە کارکردن بکەن.
حکوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان و بۆ ئەم مەبەستە وهزارهتى ناوخۆ له رێگاى بهڕێوهبهرایهتیى گشتیى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژى دژى ئافرهتان له ههموو كهمپهكاندا بنكهیهكیان دامهزراندووه بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو ئافرەتانەی توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە.




