٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەرفەتێكی لەبار ده‌بێ، بە قازانجی هه‌رێمی کوردستان بشكێندرێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەربارەی روانگای ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەڵێ، بە گشتی دەرفەتی لەبار و گونجاو ھەم لە ناوچەکەدا و ھەم لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ھاتووەتە ئاراوە کە لە قازانجی کوردە، بۆیە کوردستان دەبێت له‌ چاودێریكردنی بارودۆخەکە وشیار بێ.

ئێوارەی ھەینی ٢ـی ١٢ـی ٢٠١، (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا  له‌ ڕێی پێوه‌ندیی ته‌له‌فونییه‌وه‌ لەگەڵ (مه‌سعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا گفتوگۆی كرد و (مایک پێنس) وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە، كە سەرۆكی هەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.

پێوه‌ست به‌م پرسه‌ و ڕوانگا و سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا به‌رانبه‌ر به‌ ھەرێمی کوردستان، (پەروێز ڕەحیم) باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی لە راستییدا سیاسەت و ستراتیژی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا تائێستا بۆ زۆربەی پسپۆرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا زۆر ڕوون نییە، بەڵام وه‌ك ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی ''دەکرێت بەپێی نەریتی سیاسی و ستراتیژی کۆماریخوازەکان لە لایەک و ھەڵبژاردنی کەسانی خاوەن ئەزموون و ڕوانگە بۆ پرس و بابەت نێودەوڵەتییەکان و ھەروەھا لە داھاتوودا ڕاگەیاندنی دۆکتۆرینی (ترامپ) ئەم سیاسەتە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.''

(پەروێز ڕەحیم) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ''بەپێی ئەزموونی ڕابردوو و گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە ناوچەکە و ھەروەھا راگەیاندنی ئەو کەسانەی کە پاڵێوراون بۆ پۆستە باڵاکان لە ئیدارەی (ترامپ)دا، دەکرێت بڵێین کە ئەوە لە قازانجی ھەرێمی کوردستاندا دەبێت، بە ھۆی ئەوەی کە ئیدارەی نوێی لە ھەمبەر ئێران تووندترە و لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت لە رێگەی لایەنگر و ھاوپەیمانەکانییه‌وه‌ ھاوسەنگی لە ناوچەکەدا بێنێتە ئاراوە. ئەمە بیجگە لە ئەولەویەتی جەنگی دژەتیرۆر بۆ (ترامپ) کە کوردستان دەتوانێت سوود لەو پێگەیەی خۆی ببینێت. بەگشتی سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەھەمبەر کورد لە ھەرێمی کوردستان گرێدراوی سیاسەتی گشتیی ئیدارەی نوێی ئەمه‌ریکایە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرس و بابەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتیی ڕوانینی نوخبە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار بۆ ئەم پرسانە بەپێی ھەستکردن بە مەترسی و ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا."
     
ئەو پشتیوانییەی لە سەروەختی بانگەشەی ھەڵبژاردن (ترەمپ) بەرانبەر بە پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان ھەیبوو، به‌ باوه‌ڕی مامۆستاكه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌كان وایه‌ كه‌: "ئەم دەربڕینەی (ترامپ) ھەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ھەیە. بەم مانایە کە ئەگەر پرسی کورد تەنیا بریتی بێت لە جەنگ لە دژی تیرۆر ئەوە نەرێنییە، چونکە پرسی کورد پرسێکی سیاسی و ناسنامەتەوەیە کە ھەوڵی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەدات. بەڵام ئەگەر ئەم پشتیوانی و پاڵپشتییە سەر بکێشێت یاخود بگوازرێتەوە بۆ بواری سیاسی و گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ کوردستان و سەیرکردنی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن ماف و ئەکتەرێکی سەربەخۆ ئەوە ئەرێنییە و دەکرێت وەبەرھێنانی سیاسی لەسەر بکرێت. ئەمەش لە رێگەی دیپلۆماسییه‌تی کورد و گرێدانی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەکرێت. بەمەرجێک کورد وەک کیانێکی یەکگرتوو و یەکگووتار ھەڵسوکەوت بکات و کێشە و گرفتێکی قووڵی ناوخۆیی یاخود ململانێی و چەند گوتاری لەھەمبەر پرس و بابەتە دەرەکییەکاندا نەبێت."

زۆرێك له‌ چاودێرانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و بیانییش گه‌یشتوون به‌و باوه‌ره‌ی كه‌، پاش جه‌نگی داعش دوور نییه‌ ئه‌مه‌ریكا، هه‌رێمی كوردستان به‌و پێگه‌ جیۆگرافی و سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسی و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی، له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانڕانیی ئیداره‌ی نوێیدا وه‌ك دۆستی پله‌ یه‌ك لێی بڕوانێ و، هاوتای وڵاتی ئیسڕائیل له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا حیساباتی له‌سه‌ر بكا.
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "لە ئێستادا نابێت لەبیرمان بچێت کە لەلایەک کوردستان دەوڵەت نییە و لەلایەکی تریشەوە تا ئێستا ئەمەریکا لە چوارچێوەی عێراقدا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و تەنانەت بەرگری لە مانەوەی عێراق دەکات وەکو دەوڵەت، بەڵام گۆڕانکارییەکان و بوونی ھێزێکی توکمەی وەک پێشمەرگە لە شەڕی دژەتیرۆر دەتوانێت ئەم روانگایە بگۆڕێت و، دەکرێت لە داھاتوودا ئەمە بێتە دی کە ئەمەریکا ھاوشێوەی ئیسرائیل سەیری ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە وایکردووە کە بێجگە لە ئیسرائیل لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا ئەمەریکا ھاوپەیمانی ستراتیژی نەبێت، بەڵکو ھاوپەیمانییەکان کاتی و لەرزۆکن.''
(په‌روێز ڕه‌حیم) زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد و گوتی ''لە راستیدا ئەمە دەوستێتەوە سەر توانا و ھێزی کورد لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە کە چۆن ئەو پێگەیەی خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە کە هاتوونه‌ته‌ ئاراوە لە قازانجی خۆی بگۆڕێت. بێجگە لەمە ھیچ گەرەنتییەک نییە، بەڵام دەکرێت ھیوادار بین کە بەپێی ئەزموونی ڕابردوو بۆ ئەمەریکا و نوخبە سیاسییەکانی، کورد بتوانێت ئەوە پێشکەش بکات کە دەتوانێت وەکو ھاپەیمانێکی ستراتیژی، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەپارێزێت. ھەرچەندە ئەوە گرێدراوی چۆنیەتیی ھەڵسوکەوتی کورد و چارەکردنی قەیران و کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستانە. بەگشتی دەرفەتی لەبار و گونجاو ھەم لە ناوچەکەدا و ھەم لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ھاتووه‌تە ئاراوە کە لە قازانجی کوردە، بۆیە ئەوەی تر لەسەر کورد خۆی رادەوستێت. کورد دەبێت له‌ چاودێریكردنی بارودۆخەکە وشیار بێ و ھەم لە ئەورووپا و ئەمەریکا و ھەم لە ناوچەکە و بەتایبەت لە ناوخۆدا تێگەیشتن دروست بکات لەپاڵ پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکانی لە ھەموو رێگە بەردەستەکانەوە. چونکە گەورەترین کارتی بەردەست کورد لە ئێستادا پێشمەرگە و نەوت و غازە کە پێویستە وەبەرھێنانی  سیاسی و ئاسایشی لەسەر بکات."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار