هەرێمی کوردستان 53 قوتابخانەی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی سنووری تەلەعفەر کردووەتەوە

تەلەعفەر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سێمێل دەڵێ، لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری تەلەعفەردا 53 قوتابخانەیان کردوونەتەوە و، بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و شنگال و مووسڵیش چهندانی دیکەیان کردووەتەوە.
(عەبدوڵڵا حەسەن) بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سێمێل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، سێ ساڵە هەرێمی كوردستان لە رێگەی پەروەردەی قەزای سێمێڵهوه پڕۆسەی خوێندن لە سنووری ناحیەی زوممار و ناوچەكە كوردستانییەكانی سەر بە قەزای تەلەعفەر بەڕێوە دەبات، لەو چوارچێوەیەدا 53 قوتابخانە بۆ هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی كراونەتەوە و، تێیدا زیاتر لە 500 مامۆستا وانە بە زیاتر لە هەشت هەزار قوتابی دەڵێنەوە.
دەشڵێ، ''پڕۆسەی خوێندن لهوێ زۆر بەسەركەوتویی بەڕێوە دەچێ، چونكە خەڵكی ناوچەكە زیاتر هاوكاریمان دەكەن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی خوێندن، هەموو پێداویستی و مامۆستا و ئامادەكارییەك بۆ پەروەردە پێویست بێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەستوی گرتووە.''
بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سێمێل ئاماژەیشی دا، بەغدا هێشتا هیچ هاوکارییەکی ناوچەکەی نەکردووە، كه دەبوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستی هاوکاریی بۆ پرسەی خوێندن درێژ کردبا، چونکە ئەم ناوچانە دەکەونە سنووری ئیدارەی پارێزگای نەینەواوه.
(عەبدوڵڵا حەسەن) ئەوەشی خستە ڕوو، ''10 قوتابخانەی دیکەشمان بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، ئەوانەی دەکەونە سنووری پەروەردەی سێمێل، بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و شنگالیش چهندان قوتابخانەمان کردوونەتەوە.''
قائید میرۆ




