فوئاد حوسێن: بایهخ به کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بدرێ، رێژەکەی زۆر بەرز دەبێتەوە

کەرکووک-KDP.info- (فوئاد حوسێن) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، لە ئێستادا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووکدا رۆژانە زیاترە لە 350 هەزار بەرمیل، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بێخزمەتن خۆ ئەگەر بێتو بایەخیان پێبدرێ، ئەوا رێژەکە زۆر بەرز دەبێتەوە.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئەگەر لە ھەموو کێڵگەکانی کەرکووک نەوت بەرھەم بھێندرێت، دەتواندرێت رۆژانە زیاتر لەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ھاتووە کە 300ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکرێت بەرهەم دێت، چونکە لەئێستادا تەنیا لە ئاڤانە و بای حەسەندا نزیکەی250ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێندرێت، بەڵام ئەو کێڵگانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیای باکووردان، پێویستیان بە نوژەنکردنەوە ھەیە، بەتایبەت کێڵگەی بابەگوڕگوڕ، بۆیە لە ئێستا ئەوەی کۆمپانیای باکوور 105 بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا.
دەیشڵێ، کەرکووک پێنج کیڵگەی نەوتی هەیە و کۆمپانیای نەوتی باکووریش سەرپەرشتیی سێ کێڵگە دەکەن، دووەکەی دیکەیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی دەکات.
(فوئاد حوسێن) ئاماژەیشی دا، کێڵگەنەوتییەکانی کەرکووک خزمەت ناکرێن، ئەگەر بێت و خزمەت بکرێن ئەوا توانای بەرهەمهێنانی نەوت لێیاندا زۆر دەبێت، بەنمونە لە بەسرا دەرهێنانی نەوت دوای 15 ساڵ لە دوای کەرکووک دۆزرایەوە کەچی ئەگەر سەیری بەسرە بکەیت بەرهەمهێنانی نەوت لەوێدا لە کەرکووک زیاترە، لە بەسرەدا لە ساڵی 1951 نەوت دۆزرایەوە کەچی لە کەرکوودا لە ساڵی 1934، کەچی رۆژانە لە بەسرە 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دەردەهێنرێت کەچی لە کەرکووک رێژەیەکی کەمە، جا بۆیە پێویستە خزمەتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بکرێت تا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




