سلێڤانەیی: فراکسیۆنی پارتی رادەستکردنی نەوتی کەرکووکی رەت کردەوە
__2016_12_01_h17m41s15__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) دەڵێ، ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی رەتیکردەوە کە نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ؛ وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا گوترا کە دەبێ نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێتەوە.
حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوا کرا کە نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا بکرێ، بەڵام فراکسیۆنی پارتی ئەمەی رەتکردەوە و داوامان کرد چۆن لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادا ٥٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی عێراق بکرێت و بە مەرجێک عێراقیش پابەندی تەواوی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بێ، وەها نەوت رادەستی بەغدا بکرێ و لەوەزیاتر قەبووڵ ناکەین.
(سلێڤانەیی) دەیشڵێ، ئەوەی جێگەی داخە کە هەندێ لە فراکسیۆنی کوردی دەڵێن با نەوتی کەرکووک رادەستی عێراق بکرێ، ئەمەیش دیارە کە مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.
ئاماژەیشی دا، بەغدا دەیەوێ دەستبەسەر نەوتی کەرکووکدا بگرێ و دەشڵێن کە مووچەی ٦٠٠ هەزار فەرمانبەر دەدەین کەچی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزارە و ئێمەش رەتی دەکەینەوە.
بڵند ئیبراھیم




